زووم..
ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، ئەمریکا هاوکاریی سەربازیی زیاتری رەوانەی بنکەکانی لە رۆژاڤا کردووە.
ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکی لە زاری چەند سەرچاوەیەوەکەوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا هاوکاریی سەربازیی زیاتری رەوانەی بنکەکانی لە پارێزگاکانی حەسەکە و دێرەزوور لە رۆژاڤا کردووە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کاروانێکی هێزەکانی ئەمریکا شەوی رابردوو گەیشتووەتە شاری حەسەکە و لە دەروازەی سنووریی “ئەلوەلید”ـی نێوان عێراق و سوریاوە پەڕیوونەتەوە.
ئاژانسەکە دەشڵێت، ئەمرۆ کاروانێک کە پێکهاتبوون لە 40 ئۆتۆمبێلی سەربازی، لەنێویاندا پێنج ئۆتۆمبێلی جەنگیی جۆری برادلی، گەیشتوونەتە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی یەپەگە لە گوندەوارەکانی پارێزگای دێرەزوور، لەنێویاندا کێڵگە نەوتیی عومەر.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە کانوونی دووەم و شوباتی رابردوودا، ئەمریکا چوار کاروانی هاوکاریی سەربازی رەوانەی بنکەکەکانی خۆی لە حەسەکە و دێرەزوور کرد.
ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ساڵی 2015ـەوە هێزەکانی ئەمریکا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش، مەشق و راهێنان بە یەپەگە دەکەن و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنییان بۆ دابین کردوون.