زووم:
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێن دەدات “هێڵە سوورەکەی” جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا ببەزێنێت و هێرش بکاتە سەر رەفەح لە کەرتی غەزە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە رەزامەندی سەرکردە عەرەبییەکانیشی هەیە.
رۆژی شەممەی رابردوو، بایدن لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینیی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح دەربڕی و گوتی، رێگە نادات 30 هەزار فەڵەستینی دیکە بکوژرێن، ئەو جەختیکردەوە لەوەی ئەنجامدانی وەها ئۆپراسیۆنێک، هێڵی سوورە.
بەڵام ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پۆڵەتیکۆی ئەمریکی جەختی لە ئۆپراسیۆنی سەر رەفەح کردەوە و گوتی، “ئێمە هەر دەچینە ئەوێ، لەوێش وازیان لێ ناهێنین، من هێڵێکی سوورم هەیە، ئەزانی هێڵە سوورەکە چییە؟ ئەوەیە کە رووداوی 7ـی ئۆکتۆبەر هەرگیز دووبارە نەبێتەوە”.
بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت، ناتانیاهۆ بانگەشەی ئەوەی کرد کە رەزامەندیی ناڕاستەوخۆی سەرکردە عەرەبییەکانیشی هەیە بۆ ئەو کارە و گوتی، “ئەوان لە دۆخەکە تێدەگەن و بە تەواوی رەزامەندن، ئەوان تێشگەیشتوون کە حەماس بریکاری ئێرانی تیرۆرستە.”
ناوبراو پێشبینی کرد کە دەکرێت جەنگی غەزە لە ماوەی مانگێکدا کۆتایی بێت و گوتی، “ئێمە سێ لەسەر چواری چەکدارانی حەماسمان لەناوبردووە، زۆر نزیکین لە کۆتا قۆناغی شەڕەکە، ئەوەی ماوە لە دوو مانگ زیاتر ناخایەنێت، یان شەش هەفتە یاخود چوار هەفتە!”
ناتانیاهۆ گوتیشی کە حەز دەکات ئاگربەستێکی کاتی بۆ ئازادکرنی بارمتەکان جێبەجێ بکرێت، بەڵام جەختیکردەوە کە “هیچ بەرەوپێشچوونێکی لە دانووستانەکانی راگەیاندنی ئاگربەست” رووینەداوە و گوتی، “بەبێ ئازادکردنی بارمتەکان، هیچ جۆرە راگرتنێک لە شەڕ و پێکدادانەکان روو نادات.”
ناتانیاهۆ جارێکی دیکە جەختی لە دژایەتی و رەتکردنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی کردەوە و گوتی، هەرگیز رێگە نادات فەڵەستینییەکان دەوڵەتی خۆیان هەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە فەڵەستینییەکان کێشەیان لەگەڵ ئەوە نییە کە دەوڵەتیان نییە، بەڵکو کێشەیان لەگەڵ ئەوەیە کە جولەکەکان دەوڵەتیان هەیە.