زووم:
کۆشکی ئیلیزێی فەرەنسا رایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکە لە چەند هەفتەی داهاتوودا سەردانی ئۆکراین دەکات.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، کۆشکی ئیلیزێ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامداوە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن، بەتایبەت بۆ بابەتی سەردانەکەی ماکرۆن بۆ ئۆکراین کە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.
ماکرۆن و زێلینسکی جەختیان لەوە کردەوە دەیانەوێت لەو پێنج بوارەدا هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن، کە لە میانی کۆبوونەوەکانی فەرەنسا دیاریکران، ئەوانیش بریتی بوون لە بەرگریی ئەلیکترۆنی، هەڵگرتنەوەی مین، چاککردنەوە و بەرهەمهێنانی هاوبەشی چەک لە ئۆکراین و پشتیوانی وڵاتانی دراوسێ بۆ ئۆکراین و پاراستنی سنوور.
لە دوای کۆبوونەوەکانی پاریس بۆ پشتیوانیی ئۆکراین، کە لە 7ـی ئازاری ئەمساڵ لەلایەن فەرەنساوە رێکخرا، ماکرۆن چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە، گرنگە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ناتۆدا هاوکارییەکان بۆ ئۆکراین لە رووبەڕووبوونەوەی روسیا بەردەوام بێت.