زووم:
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری چەند سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەڵێت، نوری مالیکی، سەرەکوەزیرانی پێشووتری عێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی یاسایەکی تازەیە بۆ هەڵبژاردن بە هەندێک هەموارەوە، بۆ ئەوەی شانسی سەرکەوتنەوەی سودانی سەرەکوەزیرانی ئێستا بۆ خولێکی دیکە کەمبکاتەوە.
بەرنامەکەی مالیکی بەشێوەیەکە سەنگ و توانای هێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دیاری بکات، بۆ ئەوەی نەهێڵن هاوپەیمانێکی شیعە، کە هیی سودانییە، ژمارەیەک کورسی لە خۆیان زیاتر بهێنێت. دەیەوێت هەموو عێراق بکات بە پەنجا بازنەی هەڵبژاردن و بەغدادیش بەتەنها 10 بازنەی هەبێت، پاشان لەنێو بازنەکاندا کار لەسەر سیستمی لیستە هاوبەشەکان بکرێت.
هەندێک چاودێر دەڵێن، رەنگە ئەو بەرنامەیە زیان لە خودی مالیکیش بدات، بەڵام نەیتوانیوە رێگەیەکی لەوە باشتر بدۆزێتەوە بۆ سنووردارکردنی فراوانتربوونی قەڵەمڕەویی سودانی.
رۆژی یەکشەممەی رابوردوو، لە دیداری رافیدەین، رۆژنامەنووسێکی نێوخۆیی پرسیاری کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرەکوەزیرانی عێراق پرسی و ئەویش لە وەڵامدا گوتی، لەکاتی خۆیدا و بەگوێرەی یاسای کارپێکراو ئەنجام دەدرێت، مەگەر حزبەکان خۆیان لەسەر شتێکی دیکە ڕێک بکەون.
بە چەند کاتژمێرێکی کەم پاش ئەوە، لە نووسینگەی نوری مالیکییەوە هەواڵێک دزەی کردووە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە ناوبراو پرۆژەیەکی هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و پێدەچێت دوو یاسای پێشووی تێکەڵی یەکتر کردبێتەوە، بۆ ئەوەی مەبەستێکی شاردراوەی سیاسیی دیکەی پێ بپێکێت.
وا چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2025ـدا ئەنجام بدرێت، بەڵام هێشتا دەسەڵاتداران وادەی کۆتاییان بۆ کاتی ئەنجامدانەکەی دیاری نەکردووە، دیاترترینی ئەو دەستکاریکردنە چاوەڕوانکراوانەی گومان دەکرێت لە یاساکەیدا ئەنجام بدرێن ئەوەیە، پێشوەختە کێش و قەبارەی هێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی نەهێڵن هاوپەیمانێکی خۆیان کورسیی زیاتر بباتەوە، وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە مانگی کانوونی یەکەمدا روویدا.
لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە مانگی شوباتی رابردووەوە دەستیان کردووە بە پێداچونەوەی یاساکان، سەیری کێش و قەڵەمڕەویی حزبەکانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەن، گومانیان لا دروست بووە سودانی لەگەڵ ئەواندا هاوسەنگ بووەتەوە، بۆیە لەوانەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو نزیکەی 60 کورسی بباتەوە.
زیاتر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەو ترسەی لەلای مالیکی کردووە بە مۆتەکە، بۆیە لەئێستاوە دەیەوێت هاوکێشەیەک دابنێت، وابکات پاڵێوراوە بەهێزەکانی دیکە نەتوانن ئەو دەنگە زۆرەی هەیانە بیگۆڕن بە ژمارەی زۆرتری کورسیی پەرلەمان. پێنج خولە مالیکی بەشداریی هەڵبژاردن دەکات، ئێستا فێری هەموو یارییەکان بووە، دەزانێت چۆن ململانێ بکات. ئێستا پرۆژەی یاسایەکی تازەی داناوە، لەوانەیە زیان لە خۆشی بدات، بەڵام جگە لەمە، رێگایەکی دیکەی نەدۆزیوەتەوە بۆ زیانگەیاندن بە سودانی.
مالیکی دەیەوێت عێراق بکات بە پەنجا بازنەی هەڵبژاردن، دە بازنەیان لەناو بەغداد بێت، ناوبراو بە سەیرکردنی وردی لیستەکەی سودانی، ئەم کارەی کردووە، چونکە لیستەکە پارێزگاکانی بەسرە و کەربەلا و واستی بردووەتەوە. ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە بەتەنها خۆی 160 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، واتە 12 کورسیی ئەو پارێزگایەی بۆ سودانی مسۆگەر کردووە.
مالیکی نایەوێت ئەوە دووبارە ببێتەوە، بۆیە بەرنامەیەکی داناوە، کە لەوانەیە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بەدەستیەوە دابمێنێت، بەڵام مەبەستەکەی ئەوەیە، خۆی وەک چەند ساڵی پێشوو لە ناوچەی ئارامی سەرەوەی دەستەڵاتدا بمێنێتەوە، تا ئێستاش هیچ لایەنێکی شیعە نییە نەیاربوونی خۆی بۆ بەرنامەکەی مالیکی راگەیاندبێت، بەڵام عەمار حەکیم حەزدەکات بەرنامەکەی مالیکی سەربگرێت، لەگەڵ هەندێک هەموارکردنەوە لە یاساکەدا.