زووم:
دانووستانەکانی قاهیرە لەبارەى ئاگربەستی غەزە شتێکی ئەوتۆی لێ سەوز نەبوو، حەماس شاندەکەی کشاندەوە و میسریش هێشتا گەشبینە و دەڵێت، دانووستانەکان بەردەوامە.
رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، ئیسرائیل مەرجەکانی حەماسی بۆ ئاگربەست رەتکردووەتەوە، ئەمەش دوای چەندین گفتوگۆ و گەڕی دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە قاهیرە.
رۆژنامەکە ئەمڕۆ لە راپۆرتێکدا دەڵێت، دوای ژمارەیەک گفتوگۆ و دانووستان لە قاهیرە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و چاودێریی کۆشکى سپیی ئەمریکا، ئیسرائیل مەرجەکانی حەماسی بۆ ئاگربەست رەتکردووەتەوە.
هاوکات سامی ئەبو زوهری، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس بە رۆیتەرزی گوتووە، ئیسرائیل هەموو هەوڵەکانی نێوەنگیری بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە غەزە پوچەڵکردووەتەوە.
رۆیتەرز لە زاری ئەبو زوهرییەوە نووسیویشیەتى، حەماس داوای وەستاندنی هێرش و بۆردومانەکان و پێشڕەویی سوپای ئیسرائیلی لە غەزە کردووە و داوای گەرەنتی کردووە بۆ هاتنەناوەوەى هاوکارییە مرۆییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان.
هاوکات سەرچاوەیەکی دیکەی ناو کۆبوونەوەکان بە ئاژانسەکەیان گوتووە، شاندەکەى حەماس قاهیرەی بەجێهێشتووە، بەڵام هەفتەی داهاتوو گەڕێکی دیکەى گفتوگۆکان دەستپێدەکاتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆ و دانوستانەکان لە نێوان هەموو لایەنەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەستی غەزە بەر لە هاتنى مانگی رەمەزان بەردەوامە، بەتایبەت نێوەندگیرانى وەک میسر و قەتەر و کۆشکی سپیش وەک چاودێرێکی ئەو ئاگربەستە.
دانوستانکاران تاوتوێی پێشنیارێکیان کردبوو بۆ ئاگربەستێکى سەرەتایی کە شەش هەفتە بەردەوامبێت کە لەو ماوەیەدا حەماس نزیکەی 40 بارمتە ئازاد بکات کە لەنێویاندا ژن و بەساڵاچوو و نەخۆش و پێنج سەربازی ژنی ئیسرائیلی هەیە، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆرتر لە زیندانیانی فەڵەستینی ئازاد بکات.
بەگوێرەی پێشنیازەکە، دەبوو لە بەرامبەر هەر بارمتەیەکدا، ئیسرائیل 15 زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات کە بە تۆمەتى “کردەوەی مەترسیدار” سزا دراون.
بەڵام بەگوێرەی رۆژنامەى واشنتۆن پۆستی ئەمریکی، دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس سەبارەت بە ئاگربەستی غەزە، گەیشتووەتە رێگەیەکى داخراو و ئاڵۆزبووە.