Table of Contents
زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرق ئەوسەت
میلیشیا عێراقییەکان باس لە گەڕانەوە بۆناو سەنگەری شەڕکردن دەکەن و نوجەبا هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات
ئەکرەم کەعبی، سکرتێری گشتیی بزوتنەوەی نوجەبا لە عێراق دەڵێت، لەئێستادا کردە سەربازییەکانیان دژی بنکە ئەمریکییەکان راگرتووە، ئەم رەوشەی ئێستا هێمنی پێش زریانە و دەستپێدەکاتەوە. ناوبراو لە بۆنەی رۆژی 15ـی شەعباندا راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ئەم بێدەنگییەی ئێستا تەنها تەکتیکێکی کاتییە بەمەبەستی بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکانیان بڕیاری لێدراوە. ناوبراو دەشڵێت، چەند لایەنێک هەن زانیاریی نهێنی دەدەن بە هێزە ئەمریکییەکان بەڵام نەیگوتووە ئەو لایەنانە کێن.
عەرەب
کۆنگرەیەک پاڵپشتی بۆ فەڵەستین لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت، بەڵام وەڵامدانەوەکانی تورکیا بۆ ئیسرائیل لە چ ئاستێکدایە!
ئەم رۆژنامەیە دەڵێت، تورکیا زیادەڕەوی دەکات لە دەربڕینی هاوسۆزیی مەعنەوییانەی خۆی لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا، بەڵام یەک هەنگاوی کرداریی نییە بۆئەوەی گووتە و قسەکانی لەگەڵ کرداردا یەکبخات، بەشێوەیەک کە سوودێکی هەبێت بۆئەو دانیشتوانەی غەزە کە رۆژانە بۆردوومان دەکرێن.
حکومەتی تورکیا لە ئیستانبوڵ میوانداریی وەزیرانی راگەیاندنی وڵاتە ئیسلامییەکان دەکات، لەوێ دەیەوێت بڵێت زۆر لە کارەکانی ئیسرائیل بێزارە، بەڵام لەڕووی کردارییەوە، ئەنقەرە لە پاش دەسپێکردنی شەڕی غەزە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە، ئاستی هەناردەکردنەکانی خۆیی بۆ ئیسرائیل بەرزترکردووەتەوە.
زەمان
نەرمی نواندنی حەماس و ئیسرائیل ئومێدی رێککەوتنێکی سەرەتایی لەبارەی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان دروستکردووە
رۆژی یەکشەممە برسێتی سەدان فەڵەستیینیی ناچارکرد ناوچەی باکوری کەرتی غەزە بەجێبهێڵن، لە هەمان کاتدا لە قەتەر گفتوگۆ لەسەر هێنانەکایەی ئاگربەستێک دەکرێت، چونکە وەک ئەوەی واشنتن باسی دەکات، لە میسر و پاریس سیماکانی گەیشتن بە لێکتێگەشتنێک لەسەر چەند بابەتێک هاتووەتەئاراوە. رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش دەڵێت نزیکەی 2.2 ملیۆن کەس کە دەکاتە زۆربەی دانیشتوانی کەرتی غەزە لەژێر هەڕەشەی برسێتیدان. هەندێک یارمەتیی کەم لەڕێگەی میسرەوە دەگەن بە رەفەح، بەڵام ئەستەمە بتوانرێت ئەو یارمەتییە بگەیەنرێتە باکوری کەرتەکە.
قودسی عەرەبی
بانکی ناوەندیی عێراقی دەڵێت پارەدانی ئەلیکترۆنی لە ساڵانی داهاتوودا پێویستی چاپکردنی پارەی نەختینە کەم دەکاتەوە
بانکی ناوەندیی عێراقی پێشبینی دەکات بۆ ساڵانی داهاتوو پێویستی چاپکردنی پارەی نەختینە کەم ببێتەوە. هەروەها دەڵێت لە رابوردوودا بەهۆی ئەوەی بانکە حکومییەکان ئەم سیستمە نوێیەی پارەدانیان نەبووە، کێشەیان بۆ دروست دەبوو.
زەید حەمید رەشید، بەڕێوەبەری بەشی پرۆسەداراییەکان و یەکلاییکردنەوەی مامەڵەکان دەڵێت، بانکەکەیان زەمینەی پێویستی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی پارەدانی ئەلیکترۆنی رەخساندووە، هۆشیاری و زانیاریی پێویستیشی لەوبارەوە بۆ خەڵک بڵاوکردووەتەوە و دەیەوێت کار بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
ژمارەی کوژراوانی غەزە خەریکە 30 هەزار کەس تێدەپەڕێنێت و ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشی رەفەح ئامادە دەکات
ژمارەی کوژراوانی هاوڵاتییانی مەدەنی لە غەزە ئەم هەفتەیە 30 هەزار کەس تێدەپەڕێنێت، لەکاتێکدا لایەنە نێوەندگیرەکان خەریکن دەگەنە رێککەوتنێک بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان. لە هەمان کاتدا حکومەتی ئیسرائیل خەریکە خۆی بۆ هێرشکردنەسەر ناوچەی رەفەح ئامادە دەکات. بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە ئەم هەفتەیە کابینەی جەنگی حکومەتی ئیسرائیل کۆببێتەوە. بەگوێرەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش، رەنگە رێککەوتننامەکە ئۆپەراسیۆنی سەر رەفەح دوا بخات بەڵام رێگریی لێناکات و سوپای وڵاتەکە هەر هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچەیە.
تایمز
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا هۆشداریی دەدات لەوەی زانیارییە ساختەکانی زیرەکیی دەستکرد ببنە مەترسی بۆسەر هەڵبژاردن
جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا هۆشداریی دا لەوەی ئەو زانیارییە ناراستانەی لەلایەن زیرەکیی دەستکردەوە بڵاودەکرێنەوە دەکرێت لەلایەن وڵاتان یان کەسانی تایبەتییەوە وەک هەڕەشە بۆسەر هەڵبژاردنە گشتییەکان بەکاربهێنرێن. ئەم گووتانەی کلیڤەرلی وەک خۆی دەڵێت بۆ پارێزگارییکردنە لە پرۆسەی دیموکراسی کە بەهۆی خێرا بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیاوە هەڕەشەیەکی زۆر جددی لەسەر هەڵبژاردنەکانی جیهان لە سەرانسەری جیهاندا درووستبووە.
واشنتن پۆست
زێلینسکی دەڵێت لە سەرەتای هێرشەکەی روسیاوە 31 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکیی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، بەهۆی شەڕی روسیاوە تا ئێستا 31 هەزار سەربازی وڵاتەکەی لە بەرەکانی جەنگدا کوژراون. ئەمەش بۆ یەکەمین جارە دوای دوو ساڵ لە دەستپێکردنی شەڕەکەوە ئۆکراین بە فەرمیی ئاماری سەربازانی کوژراوی وڵاتەکەی رابگەیەنێت. لەوبارەیەشەوە رایگەیاند، نازانم کە ئەو مافەم هەیە ئەو ژمارەیە رابگەیەنم یان نا، چونکە مردی هەر سەربازێکمان خۆی تراجیدیایەکە. هاوکات باسی لەوەشکرد کە روسیا 500 هەزار قوربانی هەبووە کە 180 هەزاریان لە بەرەکانی جەنگدا کوژراون و ئەوانی دیکە برینداربوون.
ئۆرشەلیم پۆست
ناتانیاهۆ داوا لە کابینەی جەنگ دەکات ئۆکەی بکەن بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوا لە کابینەی جەنگی حکومەتەکەی دەکات دەنگ بدەن بە هێرشکردنە سەر رەفەح بۆ ئەوەی کۆتا پەناگەی حەماس لەناو ببەن و زیاتر لە 1.3 ملیۆن ئاوارەی غەزە لەو ناوچەیەدا بگوازنەوە بۆ ناوچەیەکی دیکەی بچووک لەسەر سنووری میسر. هاوکات داواشیکردووە بۆ ئەو مەبەستە پلانێکی پێشەکەش بکەن. ئەمەش لەکاتێکدایە دانووستانەکان بە نێوەندگیری هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەزە بەردەوامن.
رۆژنامە تورکییەکان
ئەکشام
درۆنى تورکی پارێزگاری لە ئاسمانى 34 وڵات دەکات
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ئەدەنە رایگەیاند، لە ئێستادا درۆنی تورکی پارێزگاری لە ئاسمانى 34 وڵات دەکات.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد لە ساڵانى داهاتوودا وڵاتەکەی درۆنى بەهێزتر بەرهەمدەهێنێت و گوتی، لە بوارى دروستکردنى درۆندا تورکیا یەکێکە لە سێ گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێن لە جیهاندا و لە دروستکردنى فڕۆکەى جەنگیشدا، بە دروستکردنى فڕۆکەى (کان) ناوى چووەتە ریزی ئەو چوار وڵاتەى جیهان، کە فرۆکەی جەنگی بەرهەم دەهێنن.

ئایدنڵک
بۆ ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەکانى نێوانیان، پێویست ناکات تورکیا سەربازەکانى لە سوریا بکشێنێتەوە
تورکیا ماوەیەکى زۆرە خواستى ئەوەى هەیە پەیوەندییەکانى لەگەڵ سوریا ئاسایی بکاتەوە، پێشتر ئەو وڵاتە، بۆ ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ تورکیا، کشانەوەى سوپاى تورکیاى لەناو خاکى رۆژاڤا کردبوو بە مەرج.
دیپلۆماتکارێکى سوری رایگەیاندووە، پێویست ناکات تورکیا دەستبەجێ سوپاکەى بکشێنێتەوە، دەکرێت قۆناغ بە قۆناغ پرۆسەکە دەستپێبکات، بەو جۆرە دەتوانن هەردوولا هەنگاو بۆ ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەکانیان بنێین.

حوڕییەت
لەپاش هەڵبژاردنیان، کاندیدەکانى جەهەپە سەروەت و سامانەکانیان ئاشکرا دەکەن
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکى گشتیى جەهەپە رایگەیاند، ئەو کاندیدانەى لە پاش هەڵبژاردن بە سەرۆکشارەوانی هەڵدەبژێردرێن، پێویستە سەروەت و سامانیان لەسەر دەرگاى شارەوانییەکان هەڵبواسن تا بۆ هەمووان ئاشکرا بێت.

سەباح
لە شرنەخ دەرهێنانى نەوت لە رۆژێکدا گەیشتووەتە 40 هەزار بەرمیل
لە دوو چاڵە نەوت لە شاخى جەبار لە ناوچەى شرنەخ، ئاستى دەرهێنانى نەوت رۆژانە گەیشتووەتە 40 هەزار بەرمیل.
بەرپرسانى حکومەتی تورکیا رایانگەیاندووە، لە پاش دەرهێنانى نەوت لە شرنەخ، سێرت و وان، لە پارێزگاى ئامەدیش نەوت دەردەهێنن.
رۆژنامە فارسییەکان
خۆراسان
190 هەزار ئەفسەری پۆلیس لە سەرانسەری ئێران بۆ هەڵبژاردنەکان جێگیر دەکرێن
وەک لە یاساکانی هەڵبژاردندا هاتووە، شانبەشانی دەزگا ئەمنییەکانی دیکەی وەک بەسیج، پۆلیسیش ئەرکی چاودێریکردنی هەڵمەتی بانگەشە و هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و چاودێریکردنی هەڵبژاردنی لەسەرە.
جێگری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی پۆلیسی ئێران جەختی لە گرنگیدان بە دەنگدانی پاسەوانانی سنووریش کردەوە، تەنانەت ئەگەر بە هێلیکۆپتەریش بێت لە ناوچە شاخاوییەکان بەهۆی رێگرییەکانی بەفرەوە.
ناوبراو گوتیشی، پۆلیس بە هێزێکی زۆرەوە کە نزیکەی 200 هەزار کەس دەبێت ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات بۆ دابینکردنی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان بە دەرکردنی هۆشداری یان دەستپێکردنی ڕێوشوێنی یاسایی ئەگەر پێویست بوو.

ئەبرار
پسپۆرێکى کەشناسیی ئێران دەڵێت، وڵاتان چوار مانگ پێشبینی کەشوهەوا دەکەن، بەڵام دەزگاى کەشناسیی ئێران ناتوانێت پێشبینى بکات
حسێن ئەردەکانی، گەورە پسپۆڕی کەشناسیی ئێرانی دەڵێت، سێ مانگ بەر لە ئێستا پێشبینی هاتنی کەشوهەوای ساردم بۆ ئێران کردبوو، بۆچی دەزگای کەشناسی ناتوانێت پێشبینی درێژخایەن بکات؟
حسێن ئەردەکانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەسنیم گوتی کە “هەفتەی داهاتوو سەرما بەردەوام دەبێت و بەفر دەبارێت”، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا لە وڵاتەکانی جیهان، پێشبینی سێ بۆ چوار مانگ هەیە، ئەوان کارێکی دروست دەکەن بەڵام بە داخەوە دەزگای کەشناسی وڵاتەکەمان لە پێشکەشکردنی ئەو جۆرە پێشبینیانە دواکەوتووە و ئەوەش قەیرانی سروشتی و سووتەمەنی دروست دەکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت وەزیری رێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکان گرنگی تایبەت بەم بابەتە بدەن.
ئەفکار
سزاکانی ئەمریکا هاوکارییەکانی ئێران بۆ پوتین دەکاتە ئامانج
جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران بە ئاماژەدان بە سزا و گەمارۆ تازەکانی ئەمریکا بۆ سەر روسیا بە بۆنەی دووهەمین ساڵڕۆژی جەنگی ئۆکراین و دووبارەکردنەوەی بانگەشەکانی دژە ئێران رایگەیاند، ئەو سزایانە پشتیوانی مووشەکی و درۆنیی ئێران بۆ روسیای لە شەڕەکەی ئۆکراین کردووەتە ئامانج.
شەوی رابردوو ئابرام پاڵی، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ سزای زیاترمان بەسەر روسیادا سەپاند بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی پشتیوانیی ئێران لە شەڕانگێزیی پوتین و ریگری لە گەیشتنی چەکی ئێران بۆ کوشتنی خەڵکی بێتاوان لە ئۆکراین.
کەیهان
گەشتی ئێرانیەکان بۆ تورکیا بۆ نزیکەی دوو هێندەی ساڵی رابردوو زیادی کردووە
ئاماری گەشتیارانی بیانی کە لە مانگی یەکەمی ساڵی تازەدا سەردانی تورکیایان کردووە، ئاماژەیە بە زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی گەشتوگوزار و رۆشنبیریی تورکیا، لە مانگی یەکەمی ساڵی 2024دا، زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیاری بیانی سەردانی تورکیایان کردووە کە 211 هەزاریان گەشتیاری ئێرانین و لە دوای روسەکان پلەی دووەمیان گرتووە، ئەمەش دەریدەخات بەراورد بە ئامارەکانی هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە ڕێژەی 87% زیادی کردووە.
ساڵی رابردوو تورکیا 49 ملیۆن و 200 هەزار گەشتیاری بیانی وەرگرتووە، کە بەنیازە لە ساڵی نوێدا 60 ملیۆن سەردانکەر بۆ خۆی رابکێشێت و داهاتی گەشتیاری 60 ملیار دۆلار بەدەستبهێنێت.