زووم:
سبەینێ دادگای فیدڕاڵیی عێراق دادبینی بۆ سکاڵایەک دەکات کە تێیدا داوای فەرمانێکی وەلائی دەکات بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، پارێزەری دۆسیەکەش دەڵێت، سبەی بڕیاری کۆتایی دەدرێت.
بەکر حەمەسدیق، پارێزەری دۆسیەکە بە زوومی راگەیاند، سبەینێ دادگا بڕیار لەبارەی سکاڵاکەوە دەدات و چاوەڕوان دەکەن بڕیارەکەی دادگا لەبەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بێت.
سکاڵاکە لەلایەن هەریەکە لە فەرمانبەران (عەدالەت رەحیم، بوخاری جەمیل و حەیدەر محەمەد) لە دژى هەردوو سەرۆکوەزیرانى هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمارکراوە و سکاڵاکاران داوای مووچەی مانگەکانی تەموز و ئابی ساڵی رابردوو دەکەن و داوا دەکەن دادگای بڕیار لەبارەی جێبەجێنەکردنى مادەى 13ى یاسای بودجەی ساڵی 2023 و خەرجنەکردنى مووچەکانیان و هەروەها دۆسیەی نێوان هەردوو سکاڵالێکراو یەکلایی بکاتەوە.
بەکر حەمەسدیق گوتیشی، سکاڵاکە بۆئەوەیە مووچە تێکەڵ بە ململانێی سیاسی نەکرێت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت.