زووم:
کێشەی ناوخۆیی هەر رۆژە و بەرۆکی حزبێک دەگرێت، بەشێکیان بە مەدەنی و بەشێکیان لەڕێگەی چەک و بەکارهێنانی هێزەوە یەکلادەکرێنەوە.
چەند هەفتەیەکە دەنگی کێشەی ناوخۆیی لە گوڵەخانەوە دەبیسترێت، ململانێکە لەنێوان سەرۆکی حزب و جێگر و نەوەی هەردوولایە، ئەمڕۆ کێشەکە پێی نایە قۆناغێکی دیکەوە و “بەفەرمانی برا تەقە لە ماڵی براکەی دیکە کرا” ئەمە گوتەی عەبدوڵای حاجی مەحمودی جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانە.
بنچینەی کێشەی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای حاجی مەحمود لەسەر دەسەڵات و گۆڕانکاریی ناوخۆیی حزبەکەیە، سەرچاوەیەک لە پارتی سۆسیال دیموکرات، کە نزیکە لە سەرۆکی حزبەوە دەڵێت، عەبدوڵای حاجی مەحمود پارە و ئۆتۆمبێلی حزبی لایە و دەبێت بیگەڕێنێتەوە، عەبدوڵای حاجی مەحمودیش، کە قسەی بۆ زووم کرد گوتی، “نازانم لەسەر چی هێزیان ناردووەتە سەر ماڵەکەم، نە دارایی حزب و نە ئۆتۆمبێلم لانییە”.
لەبارەی رووداوەکەوە عەبدوڵای حاجی مەحمود بە زوومی گووت، “ئەو هێزەی چووەتە سەر ماڵەکەم لە گوڵەخانە سەر بە یەکی 80یە و تەقەیان کردووە، لە بەرامبەردا پاسەوانانی ماڵەکەم بە تەقە رووبەڕوویان بوونەتەوە”.
عەبدوڵای حاجی مەحمود بە تەنزەوە قسە لەسەر بڕیارەکەی محەمەدى حاجی مەحمود دەکات و دەڵێت، “وامزانی ئەو هێزەی بۆ منیان ناردووە بۆ ئازادکردنی کەرکوکی دەنێرن”.
بە گوتەی عەبدوڵای حاجی مەحمود کێشە ناوخۆییەکان گەیشتووەتە نانبڕین و مووچەی نزیکەی 70 ئەفسەر و پێشمەرگە کە نزیکن لە خۆیەوە، راگیراوە.
زووم پرسیاری لە عەبدوڵای حاجی مەحمود کرد لەبارەی گەڕانەوەی بۆ گوڵەخانە، ناوبراو گوتی، “ماوەیەکە لە هەولێرم، بەڵام دەگەڕێمەوە گوڵەخانە و کەس مافی ئەوەی نییە رێگریم لێبکات”.
هاوکات ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی سۆسیال دیموکرات رەتیکردەوە لە گوڵەخانە تەقەکرابێت و رایگەیاند، “دۆخەکە ئاساییە و ئەوەی روودەدات ئاڵوگۆڕی ناوخۆیی حزبە و هیچ گرژییەک دروست نەبووە”.
کۆتایییەکانی مانگی رابردوو، بەدیاریکراوی چەند رۆژێک پاش سەرهەڵدانی کێشە نێوخۆییەکانی سۆسیال دیموکرات، عەبدوڵای حاجی مەحمود لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکەوت.
زووم پرسیاری لە عەبدوڵای حاجی مەحمود کرد لەبارەی رۆڵی بارزانی و پارتی لە کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکەی، بەڵام ئەو گوتی، “پارتی لایەنێک نییە و کاک مەسعودم وەکو مەرجەعی کورد بینیوە و کۆبوونەوەکەشم لەگەڵیدا پەیوەندی بە کێشەکانی ناوخۆی سۆسیال دیموکراتەوە نەبووە”.
تائێستا یاسا رۆڵی لە گرژییەکانی گوڵەخانەدا نەبووە، عەبدوڵای حاجی مەحمود هێشتا پەنای بۆ دادگا نەبردووە و سکاڵای تۆمارنەکردووە، بڕیاری یەکلاکەرەوەشی نەداوە ئاخۆ پرسەکە دەباتە دادگا، یاخود نا.