زووم:
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دامەزراندنی هەرێمێکی دیکەی لە عێراق رەتکردەوە و دەڵێت، هەرێمی کوردستان جیاوازە و لەپێش دەرچوونی دەستووری عێراقەوە دروستبووە.
فائیق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق پێشوازی لە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار کرد و لە راگەیەنراوی فەرمیی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، فائیق زەیدان جەختیکردووەتەوە کە “بیرۆکەی دامەزراندنی هەرێمێکی دیکە لە هەر ناوچەیەکی عێراق رەتکراوەیە، چونکە دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایش و یەکپارچەیی عێراق.”
لەبارەی هەرێمی کوردستانیش گوتی، پێگەی جوگرافی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستان لەپێش دانانی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005ـەوە هەیە، بابەتی هەرێمی کوردستان جیاوازە و لەلایەن عێراقییەکانەوە دانیپێدانراوە.
هەفتەی رابردوو ژمارەیەک لە کەسایەتی و سەرۆک عەشیرەتەکانی ئەنبار لە شاری رومادی کۆبوونەوە و بیرۆکەی دامەزراندنی هەرێمێکی سونییان لە پارێزگاکە تاوتوێ کرد، ئەوەش کاردانەوەیەکی فراوان و رەتکردنەوەی توندی لایەنە شیعییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
هاوکات محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی لەسەرکارلادراوی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەوانەی بانگەشە بۆ دروستکردنی هەرێمی ئەنبار دەدەن دەیانەوێت پارێزگاکە بکەنە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان و هۆشداری دا لە پیلانگێڕی دابەشکردنی عێراق بەسەر چەند دەوڵەتێکی بچووکدا.