زووم:
ئێوارەى 15ـی شوباتی 1999، بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان رۆژى کردنەوەى دەرگاى ئەو زیندانە بوو، کە 25 ساڵە تێیدایە و گۆشەگیرکراوە. ئۆجەلان لە فڕۆکەخانەی نایرۆبی وڵاتی کینیا دەستگیرکرا و گەڕێندرایەوە بۆ تورکیا.
عەبدوڵا ئۆجەلان، ناسراوە بە ئاپۆ، لەدایکبوی 4ـی نیسانی 1949ـی گوندی ئامارایە لە قەزای خەلفەتی شاری روحاى باکوورى کوردستانە.
ئەو سیاسی و نوسەرێکی چەپگەرە، دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستانە.
لەبارەی رۆژی لەدایکبوونی ئۆجەلان، تاوەکو ئێستا بەڵگەیەکى سەلمێندراو بەردەست نییە، کە بە دروستی باسی ئەوە بکات، بەڵام هەندێک سەرچاوە پێیانوایە ئۆجەلان ساڵێک لەو تەمەنە گەورەترە، کە لە پێناسەکەیدا نووسراوە. ئۆجەلان خۆیەتی پێیوایە لەدایکبووی ساڵی 1946 یان 1947ـە.
ئۆجەلان، نۆبەرەی خێزانەکەیەتی، حەوت خوشک و برای هەیە
ئۆجەلان دواناوەندی پیشەی بە ناوی (Ankara Tapu-Kadastro Meslek Lisesi) لە شاری ئەنقەرە تەواوکردووە، دواتر لە فەرمانگەی خانوبەرە لە ئاماد بووە بە فەرمانبەر.
دواتر چووەتەوە بەر خوێندن و لە بەشی یاسای زانکۆی ئیستەنبوڵ وەرگیرا، بەڵام دوای ساڵێک چووەتە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنقەرە.
ئەو هۆکاری گەڕانەوەی بۆ ئەنقەرە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی لەو کاتەدا ئەندامی گرووپی “گەنجانی شۆڕشگێڕ” بووە، کە گوروپێکی مارکسی-لێنینی بون.
ساڵی 1972 ئۆجەلان، بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپێشاندانێک، دژ بە کوژرانی ماهیر چایان، سەرکردەی چەپی تورک رێکخرا بوو دەستگیرکرا و بۆ ماوەی حەوت مانگ لە زیندان ماوەیەوە.
ساڵی 1973 یەکێتی دیموکراتی ئەنقەرە بۆ خوێندنی باڵا دامەزراوە و ئۆجەلان بوو بە ئەندامی بۆردی کۆمەڵەکە، تاوەکو لە ساڵی 1974 کۆمەڵەکە داخراوە.
ساڵی 1978، ئۆجەلان بە هاوکاری، لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی و چالاکی چەپڕەوی تورکیا و باکووری کوردستان، پارتی کرێکارانی کوردستانی دامەزراند، لە تەموزی 1979 چووە سوریا، تاوەکو تشرینی یەکەمی 1998 لە سوریا مایەوە.
ساڵی 1984، پارتی کرێکارانی کوردستان، دەستپێکی کاری چەکدارى دژی دەوڵەتی تورکیا راگەیاند، ئەو شەڕە، تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە و دەیان هەزار کوژراو و برینداری لە هەردوو لایەن و خەڵکی مەدەنى لێکەوتوەتەوە.
ساڵی 1998 تورکیا هەڕەشەی لە سوریا کرد و داوای لێکرد چیدی پاڵپشتی لە پەکەکە نەکات، لە ئەنجامدا سوریا ئۆجەلانی لە وڵاتەکەی دەرکرد و ئۆجەلان پەنای بۆ چەندین وڵاتی دیکە برد لەوانە: روسیا، ئیتاڵیا و یۆنان، هیچ وڵاتێک ئامادەى داڵدەدانى نەبوو، دواجار لە نایرۆبی کینیا دەستگیرکرا.
ئۆجەلان لەوکاتەوە، تاوەکو ئەمڕۆ لە زیندانێکی تاکەکەسی دوورگەی ئیمڕاڵیدایە و لەوێوە چەندین پەیام و بەرهەمی بڵاوکردوەتەوە لەوانە:
▪️هونەری سەرۆکایەتی
▪️سووربون لەسەر سۆسیالیزم سووربونە لەسەر مرۆڤ
▪️لە دەوڵەتی راهیبی سۆمەرەوە بەرەو شارستانیەتی دیموکراسیانە (دوو بەرگ)
▪️بەرگریکردن لە گەلێک
▪️ئیسلام و نیشتمان پەروەری
▪️وەرچەرخانی مەزن
▪️دادگای مێژوو
▪️داستانی ژیانەوە
▪️رۆڵی رۆشنبیران لە شۆڕشی نەتەوەیدا
▪️ژنۆلۆژی
▪️ئایدۆلۆژیای ژن ئایدۆلۆژیایەکی کۆمەڵایەتیە
▪️مێژوو لە حەوزی دیجلە-فوراتدا و …