زووم:
کۆمپانیاى شێڵى بەریتانى بۆ وزە پێشبینی دەکات تا ساڵى 2040 خواستى جیهانى لەسەر گازى سروشتیی شل بەڕێژەى 50% زیاد دەکات، هۆکارەکەشى وازهێنانی چینە لە خەڵوز.
کۆمپانیاکە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا خواست لەسەر گازى سروشتى گەیشتووەتە لوتکە و لەسەر ئاستى جیهان بەردەوام لە زیادبووندایە، بەپێى ئەو خەمڵاندنەى کۆمپانیاى شێڵ کردوویەتى، پێشبینی دەکرێت تا ساڵى 2040 خواست لەسەر گازى سروشتیی شل بگاتە 625 بۆ 685 ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا.
هەر بەگوێرەى راپۆرتەکە، پاڵپشت بە خواستى پیشەسازى لە چین و گەشەسەندنى ئابوورى لە باشوورى ئاسیا و باشوورى رۆژهەڵاتى ئاسیا، پێشبینى دەکرێت تا ئەو بەروارە دیاریکراوە خواست لەسەر گازى سروشتیی شل زیاد بکات.
ستیڤ هیڵ، جێگرى سەرۆکى جێبەجێکارى کۆمپانیاى شێڵ ئێنێرجى دەڵێت، لەم دەیەیەى ئێستادا چین زاڵ دەبێت بەسەر گەشەى خواست لەسەر گازى سروشتى شلدا، بەهۆکارى ئەوەى هەوڵ دەدات لە پیشەسازییەکانیدا دەردانى کاربۆن بۆ ژینگە کەمبکاتەوە، ئەوەش لەرێگەى گۆڕینى بەکارهێنانى خەڵوز بۆ گازى سروشتى.
سەرەڕاى ئەوەى غازى سروشتیی شل بەراورد بە خەڵوز زیاتر دۆستى ژینگەیە، لەهەمانکاتدا جۆرە گازێک دروستدەکات کە پەنگدەخواتەوە و دەبێتە هۆى گەرمبوونى زەوى.
لایەنە پەیوەندیدارەکانى تایبەت بە کەرتى وزە و حکومەتەکان ئاماژە بۆئەوە دەکەن، بەکارهێنانى گازى سروشتیی شل وەک پردێک وایە بۆ گواستنەوە لەنێوان بەکارهێنانى خەڵوز وەکو سەرچاوەیەکى وزە بۆ سەرچاوەى وزە نوێبووەکانى وەکو وزەى با و وزەى خۆر.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى شێڵ، بەهۆی ئەوەی کەرتی پۆڵاى چین زیاتر پشت بە بەکارهێنانى خەڵوز دەبەستێت، بۆیە بەشداری لە دەردانی گازی ژەهراوی زیاتر دەکات لە کۆی گشتی دەردانی بەریتانیا و ئەڵمانیا و تورکیا بەیەکەوە، بۆیە بەکارهێنانى گازى سروشتى وەکو جێگرەوەى خەڵوز رۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی دەردانی کاربۆن و پیسبوونی هەوا لە جیهاندا.
بەگوێرەى داتاکانى کۆمپانیاى شێڵ، لە ساڵى رابردوودا بازرگانیى جیهانى بە گازى سروشتیی شل زیادیکردووە و گەیشتووەتە 404 ملیۆن تۆن، بەراورد بە ساڵى 2022 کە 397 ملیۆن تۆن بووە.
سەرەڕای ئەو زیادبوونە کەمەی لەئەنجامى سنووردارکردنى بەرهەمهێنانى هاتە ئاراوە، کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە گازی سروشتی شل لە ساڵی 2023دا ڕۆڵێکی گرنگى هەبووە لە ئاسایشی وزەی ئەوروپادا، بەتایبەت دواى پاشەکشەى هەناردەى گازى سروشتى شلى روسیا بەرێگەى بۆرى بۆ ئەوروپا.
لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆى هێرشەکانى روسیاوە بۆسەر ئۆکرانیا، گاز نرخێکى پێوانەیى نزمى تۆمارکرد، بەگوێرەى راپۆرتەکەى کۆمپانیاى شێڵ، هەڵاوسانی نرخی گاز لە ساڵی ٢٠٢٣دا زۆر بەرزتر ماوەتەوە بە بەراورد بە ماوەی نێوان 2017 بۆ 2020.