زووم..
لە بەغداد “هاوپەیمانی بەرگری لە ئازادی رادەربڕین” راگەیەنرا و سەنتەری میترۆش ئەندامی دامەزرێنەری هاوپەیمانێتییەكەیە، کە هاوپەیمانێتییەکە لە یەکەم کاریدا راگەیەنراوێکی ئاراستەی پەرلەمان و هێزە سیاسییەكانی عێراق كرد لەبارەی رەشنووسی یاسای “ئازادی دەربڕینی بیروڕا و خۆپیشاندانی ئاشتییانە”
لەو بارەوە سەنتەرى میترۆ ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویکردەوە، لەشاری بەغداد، بە ئامادەبوونی كۆمەڵێك رێكخراوی ناحكومی، دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، چالاكوانی سیاسی، ئەندامانی پەرلەمان و چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ و رۆژنامەنووسان و نوێنەری سەندیكا و یەكێتی پیشەیی و كەسایەتی كۆمەڵایەتی، هاوپەیمانی بەرگری لە ئازادی رادەربڕین راگەیەندرا.
سەنتەری میترۆ، کە ئەندامی دامەزرێنەری هاوپەییمانییەكەیە راشیگەیاندووە، پێشتریش لە هەندێک كۆبوونەوەی دەرەوەی ئەم هاوپەیمانییە لەچەند دیدارێك لە شاری بەغداد و هەولێر بەشداریان کردووەو سەرنجەكانیان لەبارەی رەشنووسی یاسای (ئازادی دەربڕینی بیروڕا و خۆپیشاندانی ئاشتیانە)، خستووەتە روو.
لاى خۆیشییەوە، رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری میترۆ لە دیداری رۆژنامەوانی و وتەکەی لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاند، هەر یاسایەك لە پەرلەمانی عێراقەوە دەربچێت بەلامانەوە گرنگە، كە هەمووان سەرنجی لەسەر بدەن چ جای یاسایەك، كە پەیوەندی بە ئازادی بیرو راوە هەبێت.
وتیشى: پرۆژە یاساكە سەرنجی زۆری لەسەرە، چونكە هەندێ بڕگەی لەگەڵ دەستوور و جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ و پەیمانە نێودەوڵتییەكان هاوتەریب نییە، جەختیكردەوە هەوڵەكان بۆ ئەوەن، كە فشار بكەین نەگەڕێنەوە سەردمی دیكتاتۆرییەت و سەركوتكردنی ئازادییەكان.
لەبەیاننامەی ئامادەبوواندا چەختكرایەوە، ئەو پڕۆژە یاسایە لەگەڵ مادەی 38ی دەستووری عێراق گرەنتیی ئازادی بیروڕا و رادەربڕینی ئاشتییانە دەكات، هەروەها پێچەوانەی مادەی 19ی پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەكانە و پێچەوانەی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤیشە، کە ئەگەر دەنگی لەسەر بدرێت ئەوە “گورزێكی بەهێز” دەبێت لە مافەكانی مرۆڤ لە عێراقداو وڵات دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆرییەت و سەركوتكردنی ئازادی.