زووم:
رۆژی ٢٠ی تیشرینی دووەمی ١٩٧٧، لە کاتێکدا جیهانی عەرەبی، ئیسرائیلی بە دوژمن دەزانی، ئەنوەر سادات سەرۆکی ئەوکاتی میسر، چووە کنیستی ئیسرائیل و وتارێکی پێشکەشکرد، دوای شەش مانگ رێککەوتنی ئاشتیی (کامپ دەیڤد)ی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆکرد.
ئەو هەنگاوەی سادات، دژایەتی وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوە و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ میسر لەلایەن عەرەبەوە بایکۆتکرا، بەڵام دوای ئەوەی سادات دەرگای بە رووی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل کردەوە، ئوردن و دەسەڵاتداریی فەڵەستین لەگەڵ ئیسرائیل ئاشتبوونەوە، لەم چەند ساڵەی دواییش، ئیمارات و بەحیرەین و مەغریب و سودان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.
کەواتە رێککەوتننامەی ئاشتیی (کامپ دەیڤد)ی نێوان میسر و ئیسرائیل چییە و چۆن سەریهەڵدا؟
لە ئۆکتۆبەری ١٩٧٣ هەردوو سوپای میسر و سوریا هێرشێکی کتوپڕیان کردە سەر سوپای ئیسرائیل و بەشێک لەو ناوچانەیان لە سینا و جۆلان ئازادکرد، کە ئیسرائیل لە جەنگی ١٩٦٧ دەستیبەسەریاندا گرتبوو.
دوای ئەو رووداوە، ئەنوەر سادات سەرۆکی ئەوکاتی میسر چووە ئیسرائیل و لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا دەستی خستە نێو دەستی سەرسەختترین دوژمنی میسر و جیهانی عەرەبی.
لەسەرەتای ئەیلولی ١٩٧٨ سادات بانگهێشتی ئەمریکا کرا، دوای ١٣ رۆژ گفتوگۆ لە ناوچەی گەشتیاریی کامپ دەیڤد، رێککەوتنی ئاشتی واژۆ کرا و هەر بەناوی ناوچە گەشتیارییەکەوە ناسرا.
دوای شەش مانگ لەو رێککەوتنە و لە ٢٦ی ئاداری ١٩٧٩ رێککەوتنی ئاشتیی عەرەب ـ ئیسرائیل واژۆکرا و سوپای تەلئەبیب بەتەواوی لە ناوچەی سینا کشایەوە.
بەهۆی ئەم رێککەوتنەوە، ئەنوەر سادات لە تشرینی دووەمی ١٩٧٩ نۆبڵی ئاشتی وەرگرت، بەڵام دوای دوو ساڵ لەلایەن گروپێکی کۆمەڵی ئیسلامیی میسرەوە تیرۆرکرا.
خاڵ گرنگەکانی رێککەوتنی کامپ دەیڤ
سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی سینا دەکێشیتەوە و دەچێتەوە ئەودیو سنوور
هەردوولا پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە
کەشتیگەلی ئیسرائیلی مافی ئەوەی هەیە بە نۆکەندی سوێسدا تێپەرێت
هەردوولا بە گوێرەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان سنوور و سەروەریی خاکی خۆیان دەپارێزن
بەڵێن دەدەن چەک بەرامبەر یەکتری بەکارنەهێنن و کێشەکانیان بە ئاشتیانە چارەسەر بکەن
بەڵام بەهۆی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح، رێککەوتنی کامپ دەیڤد هەڕەشەی لەسەرە، بەوپێیەی میسر نیگەرانە لە ئەگەری چوونی ئاوارە فەلەستینییەکانی رەفەح بەرەو خاکی سینای میسر، ئەگەرێک، کە هەر لەسەرەتای شەڕی غەزەوە، قاهیرە هۆشداریی دابووە تەلئەبیب.