Table of Contents
زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
هێزە عێراقییەکان لە یەک هەفتەدا 17 بازرگانی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکرد
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاوکردەوە، لە ماوەی رۆژانی 12 بۆ 19ی ئەم مانگە، 17 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکردووە، هەروەها 13 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر و 846 حەبی کارتێکەری عەقڵیان لەناوبردووە.
شەرقولئەوسەت
لە ئەڵمانیا خۆپیشاندان دژی یاسای نوێی کۆچ ئەنجام درا
دوای ئەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا یاسای نوێی کۆچی پەسەندکرد، سەدان هەزار کەس لە دەیان شاری ئەو وڵاتە دژی حکومەت و پارتی “جێگرەوە لە پێناو ئەڵمانیا” رژانە سەر شەقامەکان، کە ئەو پارەت راستڕەوە توندڕەوە حکومڕانی ئەڵمانیا دەکات و کۆتایی هەفتەی رابردوو یاسایەکی نوێیان لە پەرلەمان تێپەڕاند، کە ئەو کۆچبەرانەی مافی مانەوەیان نییە دەستبەجێ دیپۆرت دەکاتەوە.
ئەلعەرەب
ململانێی سەربازیی ئێران و ئیسرائیل لە سوریا توندتر بووە
سوریا بووەتە گۆڕەپانی ململانێی سەربازیی ئێران و ئیسرائیل، ئێران بەردەوامە لە ناردنی چەک و بەرپرسانی سەربازیی و ئیسرائیلیش ناوەستێت لە پلانەکانی بۆ بەئامانجگرتنی بوونی ئێران و لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانیەوە.
کێبڕکێی ئێران و ئیسرائیل، فشارەکانی لەسەر بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا زیادکردوون، بەڵام ئەسەد نایەوێت وڵاتەکەی ببێت بە بەرەیەکی یەدەگی ئێران و ئەجێنداکانی لە ناوچەکە.
عەرەبی جەدید
گۆڕە بە کۆمەڵەکانی غەزە.. ناشتن لەسەر شەقام
لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ناشتنی قوربانییەکان لە گۆڕە بە کۆمەڵە هەڕەمەکییەکان دەستیپێکردووە، لە هەندێک شوێن لە کەرتی غەزە گۆڕی رێکخراو نەماوە و خەڵکی قوربانییەکانیان لەسەر شەقام و گۆڕەپانەکان دەنێژن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
دابەشبوونی کابینەی جەنگیی حکومەتی ئیسرائیل قوڵتر دەبێتەوە لەکاتێکدا ناتانیاهۆ پلانی ئاگربەستی وڵاتانی عەرەبی رەتدەکاتەوە
دوای ئەوەی سەرکردەی پێشووی سەربازیی سوپای ئیسرائیل، گادی ئیسێنکۆت، داوایکرد لە چەند مانگی داهاتوودا هەڵبژاردن لە وڵاتەکەدا بکرێت چونکە حکومەت جێگای متمانە نەبووە لە شەڕی حەماسدا، دابەشبوونەکانی ناو کابینەی جەنگی وڵاتەکە قوڵتر بوونەتەوە. هاوکات بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانیش داوای وڵاتانی عەرەبی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست رەتکردەوە.
واشنتن پۆست
هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهاتنی شەڕی حوسییەکان بەدیناکرێت
دوای 10 رۆژ لە ئەنجامدانی هێرشی بەردەوام بۆسەر حوسییەکانی یەمەن بۆ راگرتنی هێرشەکانیان لە دەریای سووردا، ئیدارەی بایدن خەریکی دانانی پلانی دیکەیە بۆ هەڵمەتێکی سەربازیی تۆکمە دژییان. ئەمەش نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە کە رەنگە واشنتن رابکێشێتە ناو جەنگێکی چاوەڕواننەکراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئۆرشەلیم پۆست
تاران بەڵێندەدات تۆڵەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر دیمەشق بکاتەوە کە پێنج ئەندامی سوپای پاسداران تێیدا کوژران
دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی بۆسەر دیمەشقی پایتەختی سوریا ئەنجامدا و پێنج راوێژکاری سوپای پاسداران تێیدا کوژران، تاران ئیسرائیل تۆمەتباردەکات و بەڵێندەدات کە تۆڵەی هێرشەکە لە ئیسرائیل بکاتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە تا ئێستا ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەو هێرشەوە نەداوە لەکاتێکدا بەردەوام هێرشی بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی سوریا ئەنجامداوە. پەلەهەواڵ| دادگەی فیدراڵی بریار لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات
عەرەب نیوز
شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەزەدا تووندتر دەبێت و ئیسرائیل لەرێگەی خستنەخوارەوەی نامیلکەوە داوای بارمتەکانی دەکات
لەگەڵ بەردەوامیی بۆردوومانەکانی لە غەزە، فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین نامیلکە لە ناوچەی رەفەحی باشووری کەرتەکە دەخاتە خوارەوە و داوا لە فەلەستینییەکان دەکات شوێنی بارمتەکانی لای حەماسیان پێ بڵێن. ئەمەش لەکاتێکدایە ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە لە 25 هەزار کەس نزیکدەبێتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئاسیا
تەمەنی خانەنشینی لە ئێران بۆ 62 ساڵی زیادکرا
شورای چاودێریکردنی رێبەری لە ئێران رەشنووسی گەڵاڵەی دیاریکردنی تەمەنی خانەنشینی بۆ 62 ساڵی پەسەندکرد.
مورتەزا عێزەتی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ئابووری دەڵێت، بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی دەبێتە هۆی بێکاربوونی گەنجەکان و بڵاوکردنەوەی بێهیوایی بە داهاتوو و کۆچی هێزی کار و نوخبە بۆ دەرەوەی وڵات.
ئەبرار
رێفۆرمخوازان بانگەشەی گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنەکان بۆ کاندیدبوونی 1560 کاندییدی رێفۆرمخواز رەتدەکەنەوە
جەواد ئێمام، گوتەبێژی بەرەی رێفۆرمخوازان داوای لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران کرد راشکاوانە ناوی ئەو کاندیدە رێفۆرمخوازانە بۆ خەڵک ئاشکرا بکەن کە پەسەند کراون.
غوڵام حوسێن کەرباسچی، یەکێک لە سیما ناسراوەکانی رێفۆرمخوازان گوتی، ئێمە ئەم 1560 کەسەی کە گوایا رێفۆرمخوازن، ناناسین بۆیە داوا لە گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنەکان دەکەین، ئەگەر راست دەکات با ناوەکانیان بڵاوبکاتەوە بزانین وایە یان نا.
ئێعتماد
پێنج راوێژکاری سەربازی دیکەی ئێران لە سوریا کوژران
سوپای پاسداران ئاشکرایکرد، لە هێرشێکی دیکەی هێزی ئاسمانیی ئێسرائیل بۆسەر دیمەشقی پایتەختی سوریا، پێنج راوێژکاری سەربازیی سوپای پاسداران و چەند کەسێکی دیکە لە هێزەکانی حکومەتی سوریا گیانیان لە دەستداوە.
جمهوری ئیسلامی
پاکستان کۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ ئێران هێنا
دوای دانیشتنی کۆمیتەی ئاسایشی نەتەوەیی پاکستان، کابینەی حکومەت بڕیاری رێبەرانی سیاسی و سەربازیی وڵاتە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ ئێران پەسەندکرد.
رێبەرانی سیاسی و سەربازیی وڵاتی پاکستان بڕیاریاندا باڵیۆزانی هەردوو وڵات کە دوای هێرشی موشەکی بۆسەر یەکدی، گەڕابوونەوە وڵاتی خۆیان، بگەڕێنەوە شوێنی کار و نوێنەرایەتیی خۆیان.