ئا: دیسكی ئابووریی زووم نیوز
سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه
پاش ئه‌وه‌ی له 19ی کانونی یەکەمی 2020، بانكی ناوه‌ندیی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، نرخی گۆڕینه‌وه‌ی یه‌ك دۆلاری ئه‌مریكی به‌رانبه‌ر یه‌ك دیناری عێراقی، له 1190 دیناری عێراقییه‌وه بۆ 1450 دینار بەرزکردەوە، به‌های دیناری عێراقی به‌رانبه‌ر به دۆلار ناسه‌قامگیریی زۆری به‌خۆوه بینیوه، له‌ماوه‌ی 17 ساڵی پێشوودا بانكی ناوه‌ندی توانیبووی به باشی به‌های دینار به‌رانبه‌ر دۆلار بپارێزێت، به‌ڵام له‌و به‌رواره به دواوه دۆخه‌كه به جۆرێكی دیكه بوو، له هه‌ندێك قۆناغدا مه‌ترسی له داڕمانی به‌های دینار له‌ئارادابووه، له 2ی شوباتی 2023 نرخی گۆرینه‌وه‌ی 100 دۆلاری ئه‌مریكی گه‌یشته 174 هەزار دیناری عێراقی، به‌مه‌ش 28 هه‌زار دینار بۆشایی له نێوان نرخی فه‌رمی و نرخی بازاڕی ته‌ریبدا دروستبوو، ئه‌مه نیگه‌رانی گه‌وره‌ی له بازاڕدا دروستكرد، بۆ هاوڵاتییان مه‌ترسی گه‌وره‌ی هه‌ڵاوسان و له‌ده‌ستدانی هێزی كڕینی پاره‌كانیان و بۆ مامهڵهكارانیش ئه‌گه‌ری مه‌ترسی و ئاڵنگاری بوونی هه‌بوو، بۆ رێگری له‌مه، بانكی ناوه‌ندی و به هه‌ماهه‌نگیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بڕیاریدا نرخی 100 دولار بۆ 132 هەزار دیناری عێراقی دابه‌زێنێت، بەڵام ئه‌م بڕیاره‌ش به‌های دیناری جێگیر نه‌كرد.
دابه‌زینی دۆلار له نێوان مژده‌كانی حكومه‌ت و ئاڵنگارییه‌كانی واقیعدا
له چه‌ند رۆژی رابردوودا، نرخی گۆڕینه‌وه‌ی دۆلار به‌رانبه‌ر به دینار رووی له دابه‌زین كردووه، له ئێستادا نرخی 100 دۆلار له خوار 150 هەزار دیناره‌وه مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت، ئه‌مه به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان گفتوگۆی هێناوه‌ته ئاراوه سه‌باره‌ت به دابه‌زینی زیاتری به‌های دۆلار، له‌لایه‌كه‌وه حكومه‌ت به‌رده‌وام مژده‌ی جۆراوجۆر سه‌باره‌ت به بەرزبوونەوەی زیاتر به‌های دینار بڵاوده‌كاته‌وه و ئابوریناسانیش باس له ئاڵنگارییه‌كانی واقیع ده‌كه‌ن.
مه‌زهه‌ر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، له‌سه‌ره‌تای ساڵی داهاتووه‌وه نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر دینار له نرخی ئاستی فه‌رمیدا جێگیر ده‌بێت، له‌به‌رانبه‌ردا كۆمه‌ڵێك ئاڵنگاریی گه‌وره له‌به‌رده‌م مژده‌كانی حكومه‌تدا هه‌یه و گومان و نیگه‌رانیی هاوڵاتییان و بازرگانانی سه‌باره‌ت به ره‌وشه‌كه زیاتر كردووه.
ئه‌جێنداكانی حكومه‌ت چین؟ نرخی دۆلار له ئاستی نرخی فه‌رمیدا جێگیر ده‌كات؟
حكومه‌تی عێراق كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی ناوه بۆ جێگیركردنی نرخی دۆلار له نرخی فه‌رمیی خۆیدا، له‌وانه گۆڕانگاری له پێدانی پاره له مامه‌ڵه‌ی بازرگانیی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لهیهكترتێگهیشتن له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له ئێران و توركیا و ئیمارات و چین كراوه بۆ گۆڕینی پاره‌دان له مامه‌ڵه‌ی بازرگانیدا له دۆلاره‌وه بۆ دراوی دیکە، بەشێوەیەک، بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران به درهه‌می ئیماراتی، له‌گه‌ڵ چین به یوان، له‌گه‌ڵی توركیاش به هه‌ریه‌ك له دینار و لیره مامهڵەکە ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌مه‌ش خواست له‌سه‌ر دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا كه‌مده‌كاته‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه حكومه‌تی عێراق پلانی هه‌یه ته‌واوی گرێبه‌سته ناوخۆییه‌كانی عێراق به دینار ئه‌نجام بدرێت، ئه‌مه‌ش هه‌موو گرێبه‌سته‌كانی حكومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت و هاوڵاتییانیش ده‌گرێـته‌وه، به‌م پێیه حكومه‌ت ده‌یه‌وێت خواست له‌سه‌ر دۆلار لە بازاڕی ته‌ریبدا بۆ نزمترین ئاست دابه‌زێنێت.
ئاڵنگارییه‌كان چین؟
جێبه‌جێبوونی بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عێراق و بانكی ناوه‌ندی له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك ئاڵنگاریی گه‌وره‌دایه، كه سه‌ره‌نجام كێشه بۆ دابه‌زاندنی نرخی گۆڕینه‌وه‌ی دۆلار به دینار دروستده‌كات، چاودێران و ئابووریناسان باس لهوهدهكهن، له عێراقدا بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی دۆلار به‌شێوه‌ی كاش و له‌ڕێگەی سیستمی بانكییه‌وه بوونی هه‌یه، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و به‌رپرسانی دیكه و بانكی ناوه‌ندیی عێراق له چه‌ندین بۆنه‌دا دووپاتیان كردۆته‌وه، كه ملیۆنه‌ها دۆلار ده‌برێته ده‌ره‌وه، به فراوانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره بوونی هه‌یه ، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا له كێشه داراییه‌كانی عێراق و سیاسه‌ته نهختینهییهكانیدا، كه به‌رده‌وام كێشه‌ی بۆ دروستكردووه، ئه‌مانه ئاڵنگاریی گه‌وره‌ی به‌رده‌م جێبه‌جێبوونی بڕیاره‌كانی بانكی ناوه‌ندی و حكومه‌تی عێراقن و نیگه‌رانییه‌كان به‌رانبه‌ر ئایندهی به‌های دۆلار به‌رانبه‌ر به دینار زیاد ده‌كه‌ن .