زووم:
لە هەندێک گەڕەکی شاری تاران بەفرێکی زۆر باریوە، بەڵام لەو ناوچانەی هەژاران دەژین، بەفر نەباریوە، ئەوەش کاردانەوەی خەڵکی بەدوای خۆیدا هێناوە.
لە رووی جوگرافییەوە تاران دوو ناوچەی هەیە، باکووری شارەکە ناوچەیەکی کوێستان و سەوزاییە و شوێنی دەوڵەمەندەکانە و بەفر و باران زۆر دەبارێت، بەڵام باشووری شارەکە هەوایەکی گەرم و وشکی هەیە و بارانی کەمی لێدەبارێت، شوێنی نیشتەجێبوونی هەژارانە.
بۆ ئەمجارەش، بەفرە زۆرەکە لە باکووری تاران باریوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، بەرپرسی رێکخراوی بەڕێوەبردنی پاشماوەی شارەوانیی تاران رایگەیاندووە، ئاستی کەڵەکەبوونی بەفر لە کۆڵانەکانی وەک جەماران و فەیزییەی باکووری تاران گەیشتووەتە 2 بۆ 3 مەتر، بەراورد بە ساڵانی رابردوو بێوێنە بووە.
بەفرەکەی ئەمجارە گومانی لای بەشێک لە خەڵک دروستکردووە، هەندێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن، حکومەت بۆ دڵخۆشکردنی خەڵک و بەشداری لە هەڵبژاردن، لە رێگەی پیتاندنی هەورەکانەوە پەنای بۆ بارینی دەستکرد بردووە.
خەڵکەکە دەڵێن، لە تاران هەموو شتێک رەهەندی چینایەتیی پێوەدیارە، تەنانەت بەفر و بارانیش، ئەوانەی پارەیان هەیە لەو شوێنانە نیشتەجێن کە ئاووهەوای خۆشە، بەڵام ئەوانەی پارەیان نییە لە گەڕەکە وشکەکان کرێچین و بەفر و باران نابینن.
بەهۆی ئەوەی کەشناسیی ئێران پێشتر باسی بارینی ئەو هەموو بەفرەی نەکردبوو، گومانەکان زیاتر بوون، هەروەها ئامادەکاریی پێویستی بۆ نەکراوە، بۆیە بەشێک لە قوتابخانەکان داخراون، کێشەی هاتوچۆ دروست بووە و داوا لە خەڵکیش کراوە غازی زۆر بەکارنەهێنن، بەوپێیەی پێشبینی دەکرێت بەفر و باران تا کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن بەردەوام بێت، پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دابەزیوە.