زووم:
ئەنجومەنی دیموکراتیی گەل لە رۆژاڤا، کە هەمان دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی هەیە، یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد، کۆمسیۆنەکە لە 20 کەس پێکدێت و تەمەنی یاساییان چوار ساڵ دەبێت.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی دیموکراتیی گەل لە هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، بە ئامادەبوونی 78 ئەندام کۆبووەوە و لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد.
بەگوێرەی یاساکە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، لە 20 ئەندام پێکدێت و ماوەی یاساییان چوار ساڵ دەبێت، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی ماوە یاساییەکەیان، ئەرکی سەرەکییان ئامادەکردنی تۆماری دەنگدەران دەبێت بەگوێرەی مەرجەکانی دەنگدان، لەگەڵ پەسەندکردنی خشتەی قەوارە سیاسییەکان و سەربەخۆکان و دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و بڕیاردان لە کاتی بوونی تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.