زووم:
لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین، پێشانگەیەک بۆ هونەرمەندانی غەزە کراوەتەوە
هەندێک لە کارەکان خاوەنەکانیان لە ژیاندا نەماون، هەندێک لە هونەرمەندەکانیش خۆیان ماون، بەڵام سەرجەم کارەکانیان لە شەڕی غەزە لەناوچوون.
پێشانگاکە لە شاری “بیرزەیت” لە کەرتی رۆژئاوا کراوەتەوە، شوێنەوار و کاری هونەریی هونەرمەندانی غەزە کۆکراوەتەوە.
ئەم پێشانگایە دەستپێشخەرییەکە بۆ پاراستنی شوێنەوار و کارە هونەرییەکانی کەرتی غەزە لە شەڕ.
لە بەشی چوونە ژوورەوەی پێشانگاکە، تابلۆیەک هەڵواسراوە لەسەری نووسراوە، “ئەمە پێشانگا نییە”، لەبارەی مەبەستی پەیامی تابلۆکەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی ئیدارەی مۆزەخانەی فەڵەستین دەڵێت، “ئەمە خۆپیشاندانێکی هونەریی بەردەوامە.”
ئیهاب بسیسو، ئەندامی ئەنجومەنی ئیدارەی مۆزەخانەی فەڵەستین و وەزیری پێشووتری رۆشنبیریی وڵاتەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، “ئەمە خۆپیشاندانێکی هونەرییە، جۆرێکە لە پێشکەشکردنی دیمەنی غەزە بەشێوەیەکی هونەری، وەستانەوەیە بەرامبەر بەو ئاڵنگاریی و ئاستەنگانەی هونەرمەندان و چینی رۆشنبیری غەزە لە چوارچێوەی شەڕ و گەمارۆی سەر کەرتەکە رووبەڕوویان دەبێتەوە”.
ئیهاب دەڵێت، لەم پێشانگایەدا کاری کۆمەڵێک هونەرمەند هەن لە شەڕی غەزە کوژراون، هاوکات زۆرێک لەو هونەرمەندانەی لە پێشانگاکە ئامادەن، تەواوی کارە هونەرییەکانیان لە شەڕدا لەدەستداوە.
لەسەر دیواری بەشی پێشوازیی پێشانگاکە، ناوی 115 هونەرمەند نووسراون، لەپاڵ ناوەکاندا نووسراوە، “جەنگی کۆمەڵکوژیی، ماڵ و خەون و یادەوەریی و خۆشەویست و ژیانی لەم کەسانە دزی”.
پێشانگاکە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە کراوەتەوە، رۆژانە دەیان کەس سەردانی دەکەن.