زووم:
جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی شەڕی غەزەوە قسە دەکات و دەڵێت، “قسەم لەگەڵ “سیسی”ـی سەرۆکی مەکسیک کردووە، کە سنورەکانی بەڕووی پەنابەرانی رەفەحدا دانەخات، رێگە لە چوونەناوەوەی پەنابەرە فەلەستینییەکانی ئەو هەرێمە نەگرێت”، بەڵام بەهۆی بەساڵاچوونەوە، جاربەجار بایدن شتەکان تێکەڵ دەکات، لەبری ئەوەی بە عەبدولفەتاح سیسی بڵێت سەرۆکی میسر، لێی تێکدەچێت و دەڵێت، سەرۆکی مەکسیک.
دادوەرێک لە داواکاری گشتیی نیویۆرک، رەخنەی دڵرەقانە لە بایدن دەگرێت، دەڵێت، “بایدن هێندە پیربووە، ئەستەمە کەڵکی ئەوەی مابێت لەبارەی هەندێک دۆسیەی نهێنییەوە پرسیاری لێبکرێت، چونکە رەنگە لەیادینەمابێت کەی کوڕەکەی خۆی مردووە، یان لە چ بەروارێکدا وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربووە”.
ئەم قسانەی دادوەرەکە و گواستنەوەی لەلایەن میدیاکانەوە، بایدنی بێزارکرد، دەزانێت ئەو بانگەشانە وەک هەڵمەتی هەڵبژاردن لە دژی بەکاردەهێنرێن.
ترەمپ، کە دەیەوێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا رکەبەریی بایدن بکات، بە زمانێکی تەنزئامێزەوە دەڵێت، “ئەو کابرایە هێندە پیربووە، رەنگە ئێستا هەر نەزانێت خۆی زیندووە”.
بایدن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد، بە تووڕەییەوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکی دایەوە، لێی پرسی تا ئەو ئاستە بیری خراپ بووە شتەکانی لەبیرنەبێت؟، بایدن گوتی “بەڵێ، هێندە بیرم خراپ بووە، نازانم تۆ چۆن مافی قسەکردنت وەرگرتووە”.
بەڵام ئەوە تەنها بایدن نییە بە هەڵە شت بڵێت و خاڵی لاواز بدات بەدەستەوە، چوار ساڵ پێش ئێستا و لەکاتی هێرشەکانی پاش 16ـی ئۆکتۆبەر، کاتێک ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بوو، لێی پرسرا، بۆچی ئەمریکا پشتی لە کورد کردووە؟ ترەمپ لە وەڵامدا گووتی، “کورد لە شەڕی نۆرماندیدا پشتیان لە ئێمە کردووە”.
ئەو لێدوانەی ترەمپ وەک قسەکانی ئێستای بایدن بوون بە مایەی قسەلەسەرکردنی زۆر، چونکە رووداو و شەڕەکانی کەناری نۆرماندی دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی شەڕی جیهانیی دووەم، هیچ پەیوەندییەکی بە کوردەوە نییە و ئەوکاتە کورد جگە لە پرسە ناوخۆییەکان، هیچ کردە و جموجووڵێکی دەرەکیی نەبووە.