1
زووم:
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو ئاگرەی لە ناوچەیەکی گەشتیاریی چیلی کەوتەوە بۆ 131 کەس بەرزبووەوە.
بەرپرسانی تەندروستی چیلی، دوایین ئاماری گیانلەدەستدانیان راگەیاند و دەڵێن، تاوەکو ئێستا 131 کەس بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە، هەزاران کەسیش بێ ماڵ و حاڵبوون.
گابرێل بوریچ، سەرۆکی چیلی، ئاگرکەوتنەوەکەی بە گەورەترین کارەسات وەسفکرد لە دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی 2010ـی وڵاتەکەوە کە بەهۆیەوە زیاتر لە 500 کەس گیانیان لەدەستدابوو.
بە گوتەی دەسەڵاتداران هێشتا نۆ ئاگر لە نێو دارستانەکاندا چالاکن و بەتەواوەتی نەکوژاونەتەوە، بەڵام هەموویان لە ژێر کۆنتڕۆڵدان و مەترسی لەسەر شارەکان و شوێنەکانی نیشتەجێبوون نییە.