زووم:
ئەمڕۆ، جەنگی حەماس و ئیسرائیل چوار مانگ تەواو دەکات، هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن بۆئەوەی جەنگەکە مانگی پێنجەمیدا رابگیرێت.
میسر و قەتەر ئێستا وەک نێوەندگیر لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا هەوڵ دەدەن هەرچی زووە ئاگربەست لە غەزە رابگەیەندرێت، بارمتەکان ئاڵوگۆڕبکرێن و بەزوویی هاوکاریی مرۆیی بگەیەندرێتە دەست هاووڵاتییانی غەزە.
هەوڵەکانی ئەمریکاش بۆ ئەوە بەردەوامە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ گەیشتە تەلئەبیب، دوێنێ لە قاهیرە و ریازبوو.
بزوتنەوەی حەماس بە رەشنووسێکی سێ قۆناغی کە ماوەکەی 135 رۆژ دەخایەنێت، وەڵامی پێشنیازی ئاگربەستی غەزەی داوەتەوە و تێیدا هاتووە، پێویستە هەنگاوی یەکەمی ئاگربەستەکە بنیادنانەوەی نەخۆشخانە و خێمەکان و چوونەدەرەوەی هێزە زەمینییەکانی ئیسرائیل بێت لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە غەزە.
ئاژانسی رۆیتەرز رەشنووسەکەی حەماسی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ناوەرۆکەکەی، حەماس پێشنیازی کردووە، لە قۆناغی یەکەمدا دانوستانی ناراستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی غەزە و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە.
حەماس پێشنیازی کردووە قۆناغی یەکەم ماوەکەی 45 رۆژ بخایەنێت و بارمتەکان ئاڵوگۆڕبکرێن و هەندێک لە دەستگیرکراوانی ئیسرائیل رادەستبکرێنەوە.
لەبارەی قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە، لە رەشنووسەکەدا حەماس پێشنیازی کردووە سەرجەم دەستگیرکراوانی ئیسرائیل بەرامبەر ژمارەیەکی دیاریکراو لە بارمتە فەلەستینییەکان ئازادبکرێن و هێزەکانی ئیسرائیل بەتەواوەتی لە غەزە بکشێنەوە.
حەماس لە رەشنووسەکەدا ئاماژەی بە قۆناغی سێیەمی رێککەوتنەکە کردووە و دەڵێت، قۆناغی سێیەمیش ماوەی 45 رۆژ بخایەنێت و تێیدا تەرم و روفاتەکان ئاڵوگۆڕ بکرێن.
بەگوێرەی میدیای فەرمی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیران، سەرکردە سیاسی و ئەمنییەکانی وڵاتەکەی ئاگادارکردووەتەوە، ئامادەی کۆبوونەوەیەک بن بۆ هەڵسەنگاندنی وەڵامەکەی حەماس.
دوێنێش نوسینگەی ناتانیاهۆ رایگەیاند، هەواڵگری ئیسرائیل ناسراو بە “مۆساد” خوێندنەوە بۆ وەڵامەکەی حەماس بۆ ئاگربەستی غەزە دەکات، کە قەتەر پێیداون.