Table of Contents
زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
قودس عەرەبی
ناکۆکی لە نێوان زیلینسکی و فەرماندەی سوپای ئۆکراین هەیە لەبارەی داهاتووی جەنگ
لە کاتێکدا ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین دەیەوێت بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵی، ڤالێری زالۆژینی، فەرماندەی سوپای وڵاتەکەی دووربخاتەوە، چاودێران پێیان وایە دوورخستنەوەی ئەو فەرماندەیە کە بە “ژەنەراڵی ئاسنین” ناسراوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ورەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئاستێکی بەرزی جەماوەریی هەیە.
ئەو ناکۆکیان لەکاتێکدایە کە هێزەکانی ئۆکراین بەهۆی کەمبوونەوەی تەقەمەنییەوە دووچاری دۆخێکی سەخت بوون.
شەرقولئەوسەت
لە نێو ئیسرائیل و حەماس ناکۆکی لەبارەی پێشنیازەکەی پاریس هەیە
لە کاتێکدا ئیسرائیل چاوەڕوانی وەڵامی حەماس دەکات لەبارەی رێککەوتنی دوولایەنە، پێشبینی دەکرێت دانوستانەکان درێژخایەن بن، لە دەقی ئاگربەستە پێشنیازکراوەکەدا هاتووە، ئاگربەست دەگاتە 142 رۆژ بەرامبەر بە ئازادکردنی 135 دەستگیرکراو، واتا هەر رۆژێک ئاگربەست بەرامبەر بە ئازادکردنی بارمتەیەک و حەوت رۆژی زیادە بۆ دانوستان لە نێوان قۆناغی یەکەم و دووەمی پرۆسەکەدا.
لە نێو ئەنجومەنی ئاسایش و سیاسەتی ئیسرائیل گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازەکە کرا، بەڵام ناکۆکن لەسەر کۆمەڵێک لە بەندەکانی، لەو بارەیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، رێککەوتنەکە بەم شێوەیەی ئێستا قورسە تێبپەڕێت، چونکە سێ مەرجە هەن قبوڵکراو نین، ئەوانیش راگرتنی شەڕ پێش لەناوبردنی حەماس، ئازادکردنی هەزاران تیرۆریست و کشانەوەی سوپا لە کەرتی غەزە.
ئەلعەرەبی جەدید
نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی لە رەوشی دارفۆر دەدات
تۆبی هارورد، جێگری رێکخەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە سودان هۆشداریی دەدات لە رەوشی شاری فاشری پایتەختی ویلایەتی دارفۆری سودان، ئەوەش بەهۆی ئەو شەڕەی لە ناوچەکە هەیە، هاوکات لەگەڵ دەستیپێکردنی کۆچێکی فراوان.
هارورد لە ئێکس نوسیوویەتی، لە دوو رۆژی رابردوودا لە شاری فاشیر پێکدادان روویداوە و کوژراو و برینداری لە نێو مەدەنییەکاندا لێکەوتووەتەوە و زیانی بە ژێرخانی شارەکە گەیاندووە و کۆچێکی فراوان دەستیپێکردووە، هۆشداریشی دا لەوەی ئاڵۆزییەکان کارەساتێک بێت بۆ سەدان هەزار ئاوارە کە روو لە شارەکانی دیکە دەکەن.
ئەلعەرەب
هێرشەکەی ئەمریکا نەگەیشتە ئاستی هێرشەکانی ئیسرائیل
ئەو هێرشانەی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە ناوچە بیابانییەکانی عێراق و سوریا ئەنجامی دا، نەگەیشنە ئاستی ئەو هێرشانەی ماوەی رابردووی ئیسرائیل کە بەشێوەیەکی ورد فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی لە سوریا دەکردە ئامانج.
هێرشەکان بە شێوەیەک بوون کە ئێران ناچار بە وەڵامدانەوە نەکات، هەروەها لە ئاستی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا بوو لەوەی نایانەوێت ناکۆکییەکانی ناوچەکە ئێرانیش بگرێتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
هێزە “بێ تواناکان” ئامادەی شەڕکردن لەگەڵ روسیادا نین
لە لێکۆڵینەوەیەکی پەرلەمانی بەریتانیادا دەرکەوتووە کە هێزەکانی سوپای بەریتانیا ئامادەییان تێدا نییە لە ئەگەری روودانی جەنگدا رووبەڕووی روسیا بووەستنەوە. لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، دوای ساڵێك لێکۆڵینەوە ئەوەی ئاشکراکردووە کە حکومەتی بەریتانیا هەرگیز ناتوانێت ئامادەسازیی ستراتیژی و جەنگاوەری بەدەستبهێنێت ئەگەر چاکسازی لەو دۆخەدا نەکات کە تێی کەوتووە، هەر لە دامەزراندنی سەربازەوە تا بووژاندنەوەی کەرتی چەک و تەقەمەنیی و جبەخانەکانی.
ئیندیپێندنت
سکاڵاکان دژی توندوتیژیی سێکسی لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە بەرێژەی 50% زیادیان کردووە
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەکە، تۆمەتەکانی سەر پۆلیسی بەریتانیا بۆ گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر خەڵک بەڕێژەی 50% زیادیکردووە. تەنها لە ساڵی رابردوودا، 293 حاڵەی لەو شێوەیە لە دژی ئەفسەرانی پۆلیسی وێلز و ئینگلتەرا تۆمارکراون، ئەمەش لەکاتێکدایە سێ ساڵ لەمەوبەر ئەو رێژەیە نیو هێندە بووە. بەرپرسێکی باڵای پۆلیسی وڵاتەکە دەڵێت بەداخەوەم کە ئێستا پۆلیس وەک کاڵایەک سەیری ئافرەتان دەکات. پرسی سەرهەڵدانی تۆمەتەکانی سەر پۆلیس لەو وڵاتە دوای ئەوە دێت کە ژنێکی گەنج لە ساڵی 2021 لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیسەوە دەستدرێژی کرایە سەر و دواتریش کوشتی.
واشنتن پۆست
چەندین کەس لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر عێراق و سوریا کوژران بەڵام زیانێکی کەمی مادیی بەر تاران کەوت
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی عێراق، هێرشەکانی ئەمریکا لە دژی گرووپە میلیشیاییەکانی نزیک ئێران لە عێراق و سوریا چەندین چەکدار و ژمارەیەک لە هاوڵاتی مەدەنی کوشت. هێرشەکان نمایشێکی نیشاندانی هێز بوون، بەڵام وادەرکەوت کە تەنها بۆ رێگریی بوون لە پەرەسەندنی شەڕی ناوچەکە، لەکاتێکدا هێرشەکان بۆسەر گرووپە میلیشیاییەکانی نزیک لە ئێران بوون، بەڵام هیچ هێرشێکی راستەوخۆ بۆسەر پێگەکانی ئێران ئەنجام نەدراون.
ئۆرشەلیم پۆست
بلینکن بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەیە لەکاتێکدا حەماس تاوتوێی رێککەوتنی سەرەتایی ئازادکردنی بارمتەکان دەکات
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە نیازە ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ئێستادا حەماس خەریکی تاوتوێکردنی رێککەوتننامەیەکە بۆ ئازادکردنی 130 بارمتەی ئیسرائیل کە نزیکەی پێنج مانگە لە غەزەدا دەستبەسەرکراون. ئامانجی سەردانەکەش مسۆگەرکردنی رێککەوتننامەکەیە کە سەرەڕای ئازادکردنی بارمتەکان، دەبێتە هۆی زیادکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەزە و ئازادکردنی زیندانییەکانی فەلەستین.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
17 هەزار منداڵ لە غەزە بێ دایک و باوکن
ئیسرائیل لەماوەی 24 کاتژمێردا 107 هاوڵاتی فەڵەستینی کوشتووە، بەگوێرەی رێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، مناڵانی غەزە لە دۆزەخدا دەژین و 17 هەزار مناڵ بەهۆی شەڕەوە لە دایک و باوکیان دابڕاون یاخود دایک و باوکیان کوژراون.
سۆزجو
پارتی رەفای نوێ ڕێککەوتنی لەگەڵ ئاک پارتی رەتکردەوە
پارتی رەفای نوێ لە هەڵبژاردنی ساڵی پار رێککەوتنی هەڵبژاردنی لەگەڵ ئاک پارتیدا هەبوو، بەڵام فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتەکە رایگەیاند کە بڕیاری کۆتاییان داوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و ئەمساڵ هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئاک پارتیدا نەکەن.
پارتەکە لە 10ی شوبات کاندیدەکانی خۆی لە ئەنقەرە، ئیزمیر، ئیستەنبوڵ و شارەکانی دیکە رادەگەیەنێت.
تورکیا
قەیرانی بەشاک دەمیرتاش
بەهۆی ئەگەری کاندیدکردنی بەشاک دەمیرتاشەوە ڕێککەوتنی نێوان جەهەپە و دەم پارتی بۆ ئاشکراکردنی کاندیدەکانیان لە 13 پارێزگا راگیراوە.
بەهۆی رۆژەڤی کاندیدکردنی بەشاک دەمیرتاشی هاوژینی سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ سەرۆکشارەوانی ئیستەنبوڵ، تائێستا دەم پارتی وەڵامی جەهەپەی بۆ رێککەوتن لەسەر چەند پارێزگایەک نەداوەتەوە، ئەوەش هۆکارە جەهەپە ناوی کاندیدەکانی لە 13 پارێزگا تائێستا ئاشکرانەکردووە.
میللەت
کاتی ماڵئاوایی لە چەکەکان هاتووە
هەموو ساڵێک خواستی کڕینی چەک لە تورکیا 5% زیاتر دەبێت، لە تورکیا 30 ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت هەیە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ساڵی 2023دا لە تورکیا دوو هەزار و 500 کەس بە هێرشی چەکداریی کوژراون.
رۆژنامە فارسییەکان
ئاسیا
کێشەی پێنەدانی ڤیزەی ئەوروپا بە شۆفێرانی ئێرانی بەردەوامە
عەلی مەحمودی سەرای، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی گواستنەوە و لۆجستی ئێران نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پێنەدانی ڤیزای وڵاتانی ئەوروپی کە بووەتە هۆی ئەوەی بارهەڵگرە ئێرانییەکان پەکیان بکەوێت و بارهەڵگرەکانی تورکیا جێگەیان بگرنەوه.
ماوەی شەش مانگە دانوستانەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پێدانی ڤیزە بۆ شۆفێرانی ئێرانی لە وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەت ئەڵمانیا بەردەوامە، بڕیار بوو ئیتاڵیا ڤیزە بە شۆفێرانی ئێرانی بدات، بەڵام پرۆسەکە رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە، ئەمەش نیگەرانی لەبارەی کەمبوونەوەی جوڵەی بارهەڵگرەکانی ئێران بۆ وڵاتانی ئەوروپا درووستکردووە چونکە لەدوای بەسەرچوونی ڤیزاکانیان، چیتر تازە ناکرێتەوە.
پیام ما
سەرۆککۆماری ئێران: هەڵدانی 11 مانگی دەستکرد سزاکانی تێکشکاند
سەرلەبەیانی دوێنێ لە مەراسیمی یادکردنەوەی رۆژی نیشتمانیی تەکنەلۆجیای بۆشایی ئاسمان، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند کە بەشداریکردن لە کێبرکێی بۆشایی ئاسماندا دەسەڵات و سامان بۆ وڵاتەکەمان دروست دەکات و گوتی، وڵاتانی زلهێز هەوڵیان دا ئێران بە گەمارۆ رابگرن و گۆشەگیرمان بکەن، بەڵام 11 هەڵدانی مانگی دەستکرد ئەنجامدراون کە شکستی بە سزا و گۆشەگیری دژی ئێران هێنا.
قودس
ئێران گەیشتە ریزبەندی پانزەیەمی بەرهەمهێنانی زانستی لە جیهاندا.
یونس پەناهی، جێگری بەشی توێژینەوە لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند کە پێگەی ئێران لە نێو وڵاتانی جیهاندا لە پلەی 15ی بەرهەمهێنانی زانستدایە .
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە قسەی کرد رایگەیاند، پلەی زانستیی ئێران لە 15هەمین جیهاندایە بەڵام سیاسەتی جدی ئێمە گەشەکردنە و بۆیە دەمانەوێت پلەی 14 بەدەست بهێنین لە بەرنامەی ساڵی داهاتوودا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە زانکۆکانی زانستە پزیشکییەکان ئەرکی سەرەکیان هەیە و پێویستە خێراتر بن لە بەرهەمهێنانی زانستدا.
شەهروەند
دزییەکی دیکەی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاندووە کە دەستی بەسەر زیاتر لە 500 هەزار بەرمیل نەوتی ئێراندا گرتووە، جگە لەوەش وەزارەتەکە تۆمەتی تاوانکاریی لە دژی کڕیارانی نەوتی خاوی ئێران لە چین، روسیا و سوریا راگەیاندووە.
بەگوێرەی راپۆرتی ئاسۆشییەتدپرێس، کاربەدەستانی ئەمریکی ئەو رێوشوێنانەیان کە لە کاتی بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەنجام دەدرێن، وەک بەشێک لە هەوڵێکی بەرفراوانتر بۆ پەکخستنی هاوکارییە داراییەکان بۆ هێزە سەربازییەکانی ئێران ئەنجامداوە.