زووم:
بەگوێرەی راپرسییەک، کە رۆژی هەینی ئەنجامەکانی بڵاوکرایەوە، کۆمەڵگەی ئەمریکی لەبارەی جەنگە غەزەوە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، نیوەی کەسانی پێگەیشتووی ئەمریکا، پێیانوایە وەڵامە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەزە زۆر لە سنووری خۆی تێپەڕیوە.
ماڵپەڕی ئاکسیۆس، لەوبارەیەوە دەڵێت، ئەنجامی راپرسییەکە ئەوە ئاشکرا دەکات کۆمەڵگەی ئەمریکی لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و حەماس بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، بەشێوەیەک زانکۆ و ناوەندەکانی کاریشی گرتووەتەوە.
راپۆرتەکە لە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئەنجامدراوە و %50ـی بەشداربووان پێیانوابووە ئیسرائیل زیادلەپێویست سنووری بەزاندووە، لەکاتێکدا هەمان راپرسی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو ئەنجامەکەی %40 بووە. هاوکات، تەنها %31 پێیانوابووە ئیسرائیل کارێکی درووستی کردووە.
هەرچەندە بایدن خۆی پاراستووە لەوەی رەخنە لە حکومەتەکەی نەتانیاهۆ بگرێت، بەڵام خۆی و بەرپرسە باڵاکانی وڵاتەکەی تا دێت ناڕەزایەتییەکانیان بەرامبەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل زیاتر دەبێت، بەردەوامیش داوایان لە ئیسرائیل کردووە خۆیان بپارێزن لەوەی زیانی زیاتر بە مەدەنییەکانی غەزە بگەیەنن.