زووم:
دابەشبوونی نێوان سەرکردەکانی حەماس، رێگرە لەبەردەم واژۆکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەزە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە رایگەیاند، دابەشبوونی نێوان سەرکردە و بەرپرسانی حەماس بەربەستی لەبەردەم واژۆکردنی پێشنیازی ئاگربەست لە غەزە دروستکردووە.
بەگوێرەی رۆژنامە ئەمریکییەکە، سەرکردەکانی حەماس لە غەزە، لەنێویاندا یەحیا سنوار، پشتیوانیی ئەو ئاگربەستە کاتییە دەکەن کە پێشنیازکراوە و ماوەی شەش هەفتە دەخایەنێت، تا سەرلەنوێ ریزەکانیان کۆبکەنەوە و هاوکاریی زیاتریش بگاتە نێو غەزە.
رۆژنامەکە دەڵێت، سەرکردەکانی حەماس لە دەرەوەی غەزە، لەنێویاندا ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس فشاردەکەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەزە و پلانی دووبارە بنیادنانەوەی کەرتەکە.
پێشتر قەتەر ئاشکرایکرد، وەڵامێکی ئەرێنییان لە حەماسەوە پێگەشتووە لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان و پێشنیازی ئاگربەست، بەڵام هێشتا بزووتنەوەکە بڕیاری خۆی نەداوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی سکای نیوز، وەزیرانی حکومەتی ئیسرائیل رازی نیین بە ئاگربەستێک ماوەکەی لە مانگێک زیاتر بێت.
ناتوانن رازی ببن بە کۆتاییهێنان بە جەنگ، تا کۆتایی بە حەماس نەهێنرێت
سکای نیوز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەکردووە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتوویەتی، ناتوانن رازی ببن بە کۆتاییهێنان بە جەنگ، تا کۆتایی بە حەماس نەهێنرێت.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، دانوستانکاران نزیکن لە رێککەوتنی راگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو مانگیی لە غەزە بەرامبەر بە ئازادکردنی زیاتر لە 100 بارمتەی ئیسرائیلی لەلای حەماس و ئەگەری هەیە ئەم رێککەوتنە لە دوو هەفتەی ئایندەدا واژۆبکرێت.
کۆتایی هەفتەی رابردوو، بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا، ئیسرائیل، میسر و قەتەر پێشنیازێکیان راگەیاند، تێیدا داوای راگرتنی جەنگیان کرد بۆ ماوەی شەش هەفتە، ئەمەش ماوەکەی لەو ئاگربەستە یەک هەفتەییە درێژترە کە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو لە غەزە راگەیەندرا.
لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا فشارەکانی چڕکردووەتەوە بۆ واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە، رۆژی هەینی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە سەردانەکەی بۆ وڵاتانی سعودیە، میسر، قەتەر و ئیسرائیل دەستپێدەکات و ئامانجی سەرەکیش پرسی ئاگربەست دەبێت لە غەزە.