زووم:
کۆمارى ئیسلامى ئێران وێڕاى ئەوەى زۆربەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى لەناوخۆى وڵاتەکەى فلتەر کردووە، بەڵام باج لەو کەسانە وەردەگرێت کە لە سۆشیالمیدیا زۆرترین فۆڵۆوەرزیان هەیە.
بڕیارەکە بە یاسا رێکخراوە و بەشێکە لە بڕگەکانى بودجەی ساڵی رابردوو، ئەو کەسانەی زیاتر لە 500 هەزار فۆڵۆوەرزیان هەبێت، باجیان دەخرێتەسەر، رێژەی باجەکەش بە 45%ی قازانجی لاپەڕەی ئەو کەسانە لەبەرچاو دەگیرێت.
بەڵام مەهدی موەحیدی گوتەبێژی دامەزراوەى باجى ئێران بە رۆژنامەی جیهانی سەنعەتی گوتووە، پێوەر بۆ وەرگرتنی باج داهاتی لاپەڕەکانە نەک ژمارەی ئەو شوێنکەوتووانەی کە هەیانە، ئەمەش بەو مانایەیە هەر کەسێک لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بڕێکی دیاریکراو داهات بەدەستبهێنێت، دەبێ باج بدات تەنانەت ئەگەر شوێنکەوتووی کەمتر بێت لە 500 هەزار.
ئینستاگرام لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆرترین ژمارەی بەکارهێنەرى لە ئێران هەیە کە زیاتر لە 40 ملیۆنە، ئەمەش پلەى یەکەمى بە ئێران بەخشیوە لە رووى زۆرى بەکارهێنانى ئینستاگرام لەنێو وڵاتانى جیهاندا.
تا ئێستا 551 بەکارهێنەر و چالاکى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە زیاتر لە نیو ملیۆن شوینکەوتوو دەستنیشانکراون کە زۆرینەیان بەکارهێنەرى ئینستاگرامن و دەبێت باج بە حکومەت بدەن.
بەڵام بڕیارەکە رووبەڕووى رەخنەى بەکارهێنەرەکان بووەتەوە و دەڵێن، حکومەت زۆربەی تۆڕەکۆمەڵایەتییە گرنگەکان قبوڵ ناکات، ئینستاگرامی فیلتەری کردووە و ئەم بازاڕە ئۆنلاینە بە فەرمی ناناسێت.
دەزگای دادوەریی ئێران ژمارەی ماڵپەڕە فلتەرکراوەکانی بە زیاتر لە پێنج ملیۆن لاپەڕەی ئۆنلاین راگەیاندووە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی بەرپرسان و وەزیرانی ئەو وڵاتە هەژماریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە فلتەرکراوەکان هەیە و بابەتەکانی خۆیان بۆ ئێرانییەکان و خەڵکی جیهان بڵاو دەکەنەوە.