زووم:
پەرلەمانی عیراق بڕیاریدا سکاڵا لەسەر هەردوو پەرلەمانتاری پێشوو رێزان شێخ دلێر و ریحاب ئەلعەبودە تۆمار بکات بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە پەرلەمانتارەکانی دیکە بە بێ بەڵگەی پێویست.
راگەیاندنی پەرلەمانی عیراق لە راگەیەنراوێکیدا دەڵێت، ماوەیەکە هەڵمەتێکی سوکایەتی بە پەرلەمان دەستیپێکردووە، لەو چوارچێوەیەدا رێزان شێخ دلێر، ژنە پەرلەمانتاری خوولی پێشووی پەرلەمانی بانگەشەی ئەوەی کردووە گوایە پەرلەمانتارە پیاوەکان گێچەڵی سێکسییان بە پەرلەمانتارە ژنەکان کردووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی پێویستی نەخستووەتەڕوو.
دەشڵێت، یەکێکی دیکە پەرلەمانتاری خوولی پێشووە بە ناوی ریحاب عەبوودە، ناوبراو لە یەکێک لە کەناڵەکاندا خۆی وەک راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمان ناساندبوو، هەرچەندە لە ئازاری 2022ــەوە لەو پۆستە لابراوە، سوکایەتی بێبنەما و بێ بەڵگەی بە پەرلەمان و پەرلەمانتاران کردووە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاری داوە دۆسییەکە ئاڕاستەی بەشی کاروباری یاسایی بکات بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو دوو پەرلەمانتارەی خولی پێشوو، هەروەها ئەو دەزگا میدیاییەش کە ریحاب عەبوودەی تێدا دەرکەوتووە.