زووم:
بەرزیی کرێی خانووبەرە، نزیکەی %16ـی جیلە ئاڵتوونییەکەی ئەمریکای ناچارکردووە واز لە ژیانی تەنهایی بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ لای دایک و باوکیان و لەگەڵیان بژین، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئاکسیۆس بە وردبوونەوەی لە ئامارەکانی ساڵی 2022.
جیلە ئاڵتوونییەکەی ئەمریکا، کە پێیان دەگوترێت “میڵینیاڵز”، کەسانێک دەگرێتەوە لەدایکبووی ساڵی “1981 تا 1996″ـن.
لە راپۆرتەکەی ماڵپەڕی ئاکسیۆس ئاماژە بە راپۆرتێکی “سەنتەری هاوبەشی هارڤارد بۆ توێژینەوەکانی نیشتەجێبوون” کراوە، تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو، لە ساڵی 2022دا نیوەی ئەو کەسانەی کرێچی بوون لە ئەمریکا، فشاری قورسی کرێی خانوویان لەسەر بووە.
دەشڵێت، هەر لەو ساڵەدا تێکڕای کرێی خانوو بەراورد بە ساڵی 2001، بە رێژەی %21 بەرزتربووەتەوە، بەڵام لە هەمان ماوەدا مووچەی ئەو کەسانەی کرێچی بوون، تەنها %2 زیادیکردووە.
کەسانی گەنج لە ئەمریکا کێشەی گەورەیان لەگەڵ کرێی نیشتەجێبوون هەیە و بەشێکی زۆری مووچەکەیان بۆ کرێ دەڕوات، ئەمە پاڵنەرە بۆ جیلە ئاڵتوونییەکە تا بگەڕێنەوە ماڵی باوکیان و لەو خەرجییە زۆرە رزگاریان ببێت.
ئەوە لەکاتێکدایە لە دوو دەیەی رابردوودا و بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی سێنسس داتا، ژمارەی ئەو ئەمریکییانەی تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 34 ساڵدایە و لە ماڵەوە دەژین بۆ رێژەی %87 بەرزبووبوویەوە.
لە راپۆرتەکەی ماڵپەری ئاکسیۆسدا ئاماژە بەوەکراوە، لە ئەمریکا کێشەی گەورەیان بەرزیی کرێی خانووە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر ماڵە باوانیان و وەک تەمەنی منداڵی دەگەڕێنەوە بۆ ژوورە نووستنەکانیان.