زووم:
ئەمڕۆ خەڵکی فینلەندا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و سەرۆکی نوێی وڵات هەڵدەبژێرن، ئەمە یەکەم هەڵبژاردنە پاش هەڵگیرسانی شەڕی روسیا و ئۆکراین و نائارامبوونی سنوورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ روسیا.
سەرۆکی فینلەندا سەرکردەی باڵای هێزی چەکدار و بڕیاردەری سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەشە، لە سەردەمی شەڕی سارددا وڵاتێکی بێلایەن بوو، بەڵام ساڵی رابردوو بووە 31مین ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ، ئەوەش بێزاریی بۆ روسیا دروستکرد چونکە 1340 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشیان پێکەوە هەیە.
لەدوای پەیوەستبوونیشی بە ناتۆوە لە ئازاری 2023، مۆسکۆ بە رێکاری پێچەوانە هەڕەشەی لە فینلەندا کرد بە تایبەت لە پرسی کۆچبەراندا.
هلسنکی مۆسکۆ تۆمەتباردەکات بە هۆکاری قەیرانی کۆچبەران و لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا سنوورەکانی لەگەڵ روسیا داخست، سەرجەم کاندیدەکانی ئەم هەڵبژاردنەش پاڵپشتی ئەم هەنگاوە دەکەن.
چوار ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، نۆکەس خۆیان کاندیدکردووە بۆ پۆستی سەرۆک کە شەشیان پیاون و سیانیان ژنن، هەرکامیان سەربکەوێت جێگەی ساوڵی نینیستۆی سەرۆکی ئێستا دەگرێتەوە کە فەرمانڕەواییەکەی لە ئازاری ئەمساڵدا کۆتاییدێت و مافی کاندیدبوونی نەماوەتەوە.
لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا دوو کەسایەتیی سیاسی زۆر دیار خۆیان کاندیدکردووە کە ئەوانیش ئەلیکساندەر ستووبی، سەرەکوەزیرانی پێشووە لەگەڵ پێکا هاڤیستۆ کە وەزیری دەرەوە پێشوو بوو لە حزبی سەوز.
هەروەها یوسی هالا ئاهو، کاندیدی پارتی راستڕەوی فینلەندییەکانە، بەڵام چاودێران بەدووری دەزانن سەربکەوێت، چونکە بەگوێرەی راپرسییەک کە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵات بڵاویکردووەتەوە، ستووبی 55 ساڵ 27%، هاڤیستۆ 23% و هالا ئاهوش 18%ـی دەنگەکانی بردووە.
فینلەندە تا ساڵی 1809 بەشێک بووە لە سوید، لەو ساڵەدا لێی جیابوویەوە و لکێنراوە بە ڕوسیاوە، لە ساڵی 1917دا کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر روویدا، فینلەنداش لە سۆڤیەت جیابوویەوە.
ئەگەر هەر کاندیدێک نەیتوانی 50%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، هەڵبژاردنەکە دەچێتە خولی دووەم و لە 11ی شوباتی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.