زووم:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێدانی هاوکاریی بۆ رێکخراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان راگرت، کە لە فەڵەستین هاوکاریی لێقەوماوانی غەزە دەکات، ئەمەش دوای ئەو دەنگۆیانە دێت کارمەندانی رێکخراوەکە تێوەگلابن لە بەشداریکردن لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆسەر ئیسرائیل.
کەنەداش هەمان کاری کردووە، ئەحمەد حوسێن وەزیری پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی کەنەدا رایگەیاند، وڵاتەکە هاوکارییەکانی بۆ ئەو رێکخراوە رادەگرێت تا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوەکان ئەو تۆمەتانە یەکلایی دەکەنەوە.
بەهۆی تۆمەتی بەشداریکردن لە هێرشەکەی حەماس، دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین لە رۆژهەڵاتی نزیک، ناسراو بە (ئۆنروا)، ژمارەیەک لە کارمەندەکانی لەکارەکانیان دوورخستەوە.
ئۆنروا زۆرترین هاوکارییەکانی لە ئەمریکا وەردەگرێت، سەرەکیترین ئاژانسی فریاگوزارییە بۆ هاوڵاتییانی فەڵەستین، بەڵام بەگوێرەی ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ئێستادا وڵاتەکەی هاوکارییەکانی بۆ ئەو رێکخراوە بەشێوەیەکی کاتی رادەگرێت، تا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوەکان لە 12 کارمەندی رێکخراوەکە کۆتایی دێت.
لەبارەی ئەو تۆمەتەوە، میلەر رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پەیوەندیی بە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کردووە و داوای لێکردووە لێکۆڵینەوەیەکی “ورد و خێرا” لەو تۆمەتە بکات، گوتیشی، دەبێت ئەوەی هاوکاریی حەماسی کردووە لە ئەنجامدانی ئەو هێرشەدا، بەرپرسیارێتیی تەواو هەڵبگرێت.
لای خۆیەوە گۆتێرێسیش داوای لە فلیپ لازارینی، کۆمیسیاری گشتیی رێکخراوکە کردووە، هەرکارمەندێک لەو پرسەوە تێوەگلابێت، دەبێت دەستبەجێ لە رێکخراوەکە دەربکرێت و رووبەڕووی دادگا بکرێتەوە، بۆیە لێکۆڵینەوەکان لە ئێستادا دەستیانپێکردووە و ئەگەر تۆمەتەکان پشتڕاست بکرێنەوە، کارمەندەکانی رێکخراوەکە رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
رێکخراوی ئۆنروا زیاتر لە 13 هەزار کارمەندی لە غەزە هەیە، بەنزیکەی هەموویان هاوڵاتیی فەلەستینین، کارمەندەکانیش مامۆستای قوتابخانەکان، دکتۆر، تیمی تەندروستی و کارمەندی هاوکارییەکان لەخۆدەگرێت، لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە، تا ئێستا 150 کارمەندیان گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش زۆرترین قوربانییە لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە یەک جەنگدا بیدات.
راگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆنروا لەکاتێکدایە، ساڵی 2022 ئەو وڵاتە 340 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاریی دابوو بە رێکخراوەکە و لە ساڵی رابردووشدا سەدان ملیۆن دۆلاری دیکەی پێبەخشیبوو.