Table of Contents
رۆژنامە عەرەبییەکان
قودس عەرەبی
پێشوازیی فەلەستینی و عەرەبی… سەرکردەکانی داگیرکەر: بەردەوام دەبین لە شەڕ
- ئیسرائیل بەهۆی بڕیارەکەی دوێنێ هەینیی دادگای دادی نێودەوڵەتییەوە، گورزێکی بەرکەوت، کە فەرمانی پێدەکات رێکار بگرێتەبەر بۆ رێگریی لە کۆمەڵکوژیی فەلەستینییەکان و باشکردنی رەوشی مرۆیی لە کەرتی غەزە، بەڵام بڕیارەکە گوزارشتی “ئاگربەست”ـی تێدا نییە، لە کاردانەوەی بڕیارەکەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەیرانی ئیسرائیل دەڵێت، رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرن، بەڵام بڕیارەکەش بە قبوڵنەکراو ناودەبات.
عەرەب
پەککەوتنی گازی قەتەر بۆ فشارکردنە لە حوسییەکان یاخود ئیسرائیل؟
- قەتەر کۆمپانیا ئەوروپییەکانی ئاگادارکردووەتەوە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور ناردنی کۆنتێنەرەکانی غاز دوادەکەوێت، ئەو هەنگاوە شۆکی دروستکردووە بەتایبەتی کە قەتەر رووبەڕووی هیچ هێرشێکی حوسییەکان نەبووەتەوە، هەروەها هیچ هەڕەشەیەکی بۆ هێرشکردنە سەر لێنەکراوە، هەربۆیە ئەو پرسیارە هاتووەتە ئاراوە ئەو بابەت بۆ فشارکردنە لە حوسییەکان یان ئیسرائیل.
شەرقولئەوسەت
پەکین بۆ تاران: داوا لە حوسییەکان بکە دانبەخۆیاندا بگرن
- ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چوار سەرچاوەی ئێرانی و دیپلۆماسییەوە بڵاویکردەوە، بەرپرسانی چین داوایان لە هاوتا ئێرانییەکانیان کردووە، یارمەتیدەربن لە کپکردنەوەی هێرشی حوسییە هاوپەیمانەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور، چونکە زیان بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ پەکین دەگەیەنێت.
عەرەبی جەدید
مۆسکۆ رەتیدەکاتەوە لەگەڵ ئەمریکا لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین رێککەوتبن
- کۆشكی سەرۆکایەتیی کریملین، هەواڵێکی ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی رەتدەکاتەوە کە دەڵێت، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتووە لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین کە لە 24ی شوباتی ساڵی 2022وە دەستیپێکردووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
ئیسرائیل لەلایەن دادگای لاهای فەرمانی پێکراوە رێگریی لە روودانی جینۆساید لە غەزە بکات
- دادگای دادی نێودەوڵەتی لە لاهای، ئیسرائیل ناچار دەکات خۆی لە کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی بپارێزێت و رێگە بدات بە ناردنەناوەوەی هاوکارییەکان بۆ غەزە. ئەمەش دەبێت بە فشارێکی دیکە لەسەر ئەو وڵاتە. هەرچەندە بڕیاری دادگاکە بڕیارێکی مێژووییە، نەیتوانی بڕیاری راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست بدات لەکاتێکدا هێشتا سوپای ئیسرائیل لەنێو خاکی غەزەیە و شەڕی لەگەڵ حەماسدا بەردەوامە.
واشنتن پۆست
بایدن پرۆژەکانی هەناردەکردنی گازی سروشتیی وڵاتەکەی هەڵدەپەسێرێت
- جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پرۆژەکانی پەرەپێدان و هەناردەکردنی گازی سروشتی وڵاتەکەی هەڵدەپەسێرێت. سەرەڕای ئەو رەخنە زۆرانەی لەبارەی زیانەکانی بڕیارەکە بۆ کەرتی وزەی وڵاتەکەی لێی دەگیرا، بایدن مۆڵەتپێدانی بۆ پرۆژەکانی کەرتی گازی سروشت راگرتووە تاوەکو دوای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە، کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. بڕیارەکە ئەگەرچی لە بەرژەوەندیی چالاکوانانی ژینگەیە وەک هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی دەنگدەرە گەنجەکان لەدەوری بایدن خۆیدا دەبینرێت.
عەرەب نیوز
قەبارەی هاتوچۆی کەشتییەکان لە نۆکەندی سوێس بەهۆی هێرشی حوسییەکانەوە 40% دابەزیوە
- هێرشی حوسییەکان لە دەریای سووردا لەماوەی دوو مانگی رابردوودا مەترسی خستووەتە سەر بازرگانیی جیهانی و داهاتی ترانزێت کە سەرچاوەیەکی گرنگیی ئابووریی میسرە، بەشێوەیەک کە قەبارەی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لەو رێگە ئاوییەوە بەڕێژەی لەسەدا 40 کەمیکردووە. هێرشی حوسییەکان وایکردووە کەشتییەکان رێگەیەکی دورتر ببڕن و بەدەوری کیشوەری ئەفریقادا بسوڕێنەوە ئەمەش وەک مەترسییەک بۆسەر بازرگانیی جیهان سەیردەکرێت.
ژاپۆن تایمز
ژاپۆن ئامانجییەتی گەشتیارانی وڵاتەکەی بۆ ئەو ناوچانە ئاراستە بکات کە کەمتر خەڵکی رووی تێدەکەن
- لەگەڵ ئەوەی تادێت ژمارەی گەشتیارانی هاتوو بۆ رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، ژاپۆن دەیەوێت گەشتیاران بۆ ناوچەکانی دەرەوەی تۆکیۆ ئاراستە بکات بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لەسەر شارەکە دروست نەبێت. ئەمەش لەکاتێکدایە کەرتی گەشتییاریی لە ژاپۆن لەئاستێکی بالادایە و لە تازەترین راپرسیدا دەرکەوتووە لەزۆربەی بازاڕەکانی گەشتارییدا، لەپاڵ کۆریای باشوور، خەڵکی سەردانیی ژاپۆن دەکەن.
رۆژنامە فارسییەکان
شەرق
رەتکردنەوەی روحانی بەهۆى رابردووییەوە نەبوو، بەهۆى داهاتوویەوەیە
- حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران دەیزانی شورای نیگابان مۆڵەتى کاندیدبوونی بۆ پەرلەمانی بژاردەکانی رێبەری پێ نادات. رەتکردنەوەشى بەهۆى کارنامەی رابردووی نەبوو، بەڵکو هۆکاری سەرەکی رەتکردنەوەی روحانی “ئەرکێکی قورس”ـی داهاتووی ئەم پەرلەمانەیە کە ئەو دەیویست دەنگی بۆ بێنێتەوە.
یەکێک لە ئەرکەکانی داهاتووی پەرلەمانی بژاردەکانی رێبەری، هەڵبژاردنی جێگرەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامییە و لەوانەیە بوونی روحانی بۆ ئەو کارە لەبەرژەوەندی زۆر کەسدا نەبێت.
ئەبرار
دادگای لاهای بڕیارى بۆ وەستانى شەڕى غەزە نەدا
- جوئان دۆنۆگۆ، سەرۆکی دادگا رایگەیاند، ئەفریقای باشوور هەندێک بەڵگەی لەسەر جینۆسایدی خەڵکی غەزە و پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل پێشکەش بە دادگا کردووە، بەڵام دادگا هیچ بڕیارێکی نەداوە و داوامان ئەوەیە لە هەنگاوی یەکەمدا ئەم شەڕە رابگیردرێت.
ئێعتماد
بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران لە 22 میلیار دۆلارەوە بۆ چوار میلیار و 700 میلیۆن دۆلار دابەزیوە
- عومەر بۆلات، وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، لە ساڵی 2023 بازرگانیی نێوان ئێران و تورکیا چوار میلیار و 700 میلۆین دۆلار بووە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2012دا نزیک بە 22میلیار دۆلار بوو.
رەجەب تەیب ئەدۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە نوێترین دیداریدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران هۆکاری دابەزینی بازرگانیی نێوان دوو وڵاتی بۆ گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران گەڕاندەوە.
کەیهان
روحانی چانسی هەبوو رەتکرایەوە، ئەگەرنا تەئیدیش کرابا دەنگی نەدەهێناوە
- بەسەرنجدان بە کەمکردنی دەنگی رێفۆرمخوازان و میانەرەوەکانی لە چەند هەڵبژاردنی رابردوودا، حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری پێشوو، دەبێ سوپاسی شورای نیگابان بکات کە تەئیدی نەکرد، چونکی ئەگەر تەئیدیش کرابا دەنگی نەدەهێناوە.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
لە چیاى جودى دەرهێنانى نەوت ژمارەى پێوانەى تۆمارکرد
- لە چیاى جودى لە شرنەخ رۆژانە لە 28 بیرە نەوت 36 هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنرێت. دامەزراوەى نەوتى تورکیا رایگەیاندووە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئەو رێژەیە دەگەیەنرێتە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
ئەکشام
پێویستە تاوانبارانى جەنگ سزا بدرێن
- رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لەبارەى دۆسیەى ئیسرائیل لە دادگاى لاهاى، رایگەیاند، ئەوانەى تاوانیان بەرامبەر بە گەلى فەلەستین کردووە، دەبێت سزا بدرێن ئێمە چاودێرى پڕۆسەى دادگایی کردنەکە دەکەین. ئومێدەوارین بڕیارى دادگا کۆتایی بە هێرشەکان بهێنێت.
حورییەت
چاوەڕێی پێدانى فڕۆکەى F16 لە ئەمریکا دەکەین
- ئەردۆغان رایگەیاند، چاوەڕێى بڕیارى کۆنگرێس دەکەین، لەپاش ئەوە ئۆمێد دەخوازین بەزووترینکات پرۆسەى فرۆشتنى فڕۆکەى F16 لەلایەن ئەمریکاوە بە تورکیا دەستپێبکات.
سۆزجو
ئیمامئۆغڵو بەرامبەر بە حەوت
- موراد قوروم تەواوى پاڵشتییەکانى دەوڵەتى بۆ رەخساوە و لەلایەن ئەردۆغانەوە کاندید کراوە، بە رکابەرى سەرەکى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەبینرێت، دەم پارتى رۆڵێکى بەرچاوى دەبێت لەم کابەرییە، لە ئەگەرى کاندیدکردنى بەشاک دەمیرتاش، رکابەرییەکان بۆ هەڵبژاردنى شارەوانى ئەستەنبوڵ سەختتر دەبێت.