زووم:
بەهۆی سزادانی کۆمپانیای فلای بەغداد لەلایەن ئەمریکاوە، دەیان عومرەکاری هەرێمی کوردستان و عێراق، لە سعودیە گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان.
رەزاق سەعداوی وەزیری گواستنەوەی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، دەیان هاووڵاتیی عێراقی، کە لە رێگەی گەشتەکانی کۆمپانیای فلای بەغدادەوە بۆ گەشتی عومرە چوونەتە سعودیە، بەهۆی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە سعودیە گیریان خواردووە.
ئەو دەشڵێت، فەرمانی کردووە بە سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی لە هێڵی فڕۆکەوانیی عێراق کار دەکەن، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەن پەیوەندیدارەکان، ئەو هاووڵاتییە عێراقیانە لە سعودیە گیریان خواردووە بە سەلامەتی بگەڕێننەوە خاکی عێراق.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە سزادانی کۆمپانیای فلای بەغداد لەلایەن ئەمریکاوە کێشەی بۆ عومرەکارانی هەرێمی کوردستان وعێراق لە سعودیە دروستکردووە و شەوی پێنجشەممەش فڕۆکەیەکی تایبەت بە گواستنەوەی عومرەکارانی هەرێمی کوردستان، ناچارکراوە لەبری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد بنیشێتەوە، چونکە رێگە نادرێت ئەو فڕۆکانەی سەر بە فلای بەغدادن لە هیج فڕۆکەخانەیەکی دیکە جگەلە بەغداد بنیشنەوە.