زووم:
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هیوادارین کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیاری فرۆشتنی فڕۆکەی “F16” بە تورکیا بدات.
ئەردۆغان لە پاش نوێژی هەینی لە ئەنقەرە بە رۆژنامەنووسانی گوت، لە پاش نامەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەندامانی کۆنگرێس، چاوەڕێ دەکەین کۆنگرێس بڕیاری خۆی بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی “F16” بە تورکیا بدات، داواشی کرد ئەمریکا چاککردنەوەی فڕۆکەکانی دیکەی تورکیاش دەستپێبکات.
ئەو گوتی، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ ئەنتۆنی بلیکن بۆ بەدواداچوونی پڕۆسەکە.
شەوی سێشەممە پەرلەمانی تورکیا بڕیاری بە ئەندامبوونی سویدی هاوپەیمانی ئەتڵەسی باکوور “ناتۆ” پەسەند کرد، ئەردۆغان دەڵێت، “ئەم هەنگاوەی ئێمە بۆ بە ئەندامبوونی سوید، کاریگەریی بەهێزی لەسەر ناتۆ هەیە و جارێکی دیکە پێگەی تورکیا دەردەخات بۆ سوید، کەنەدا و وڵاتانی رۆژئاڤا “.
پێشتر تورکیا هەندێک مەرجی بۆ ئەندامبوونی سوید لە رێکخراوی “ناتۆ” دانابوو، پرسی فرۆشتنی فڕۆکەی “F16″ـیش یەکێک لەو پرسانەیە، کە تورکیا وەک پاکێج مامەڵەی لەگەڵ دەکرد، بۆ رازیبوونی سوید ببێت بە ئەندامی ناتۆ.