زووم:
سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، رەتکردنەوەی ئیسڕائیل بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت “قبوڵکراو نییە” و گرژی و ململانێکانی غەزە درێژتردەکاتەوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کە تایبەتبوو بە دۆخى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست گوتی، ئەم هەڵوێستەى ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی نادیار ململانێی خوێناوى درێژ دەکاتەوە و بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و ناوچەکە.
ستیفان سیگۆرنێت-ی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، کە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد، گوتی ئەگەر ئیسرائیل خۆی بە دۆستی فەرەنسا دەزانێت، دەبێت دەوڵەتی فەلەستینی قبوڵبێت و توندوتیژی دژبە گەلی فەلەستین بوەستێنێت و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.
لای خۆشییەوە ئۆزرا زیا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو کۆبوونەوەدا گوتی، پرسی دوو دەوڵەت، باوەڕێکی پتەوی کۆشکى سپییە و لە هەمان کاتدا ئاسایشی ئیسرائیل مسۆگەر دەکات و تاکە رێگەیەکیشە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام.
لە چەند رۆژی رابردوودا، چەند وڵاتێکی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش پابەندی خۆیان بە پرسی چارەسەری فەڵەستین کردەوە بە دامەزراندنى دوو دەوڵەت، لەوانەش روسیا و فەرەنسا و ئەمریکا.
بەڵام حکومەتی ئیسرائیل، بەردەوام پرسی دوو دەوڵەت رەتدەکاتەوە و ئەو هەڵوێستەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەران کردووە.