زووم:
ئەمڕۆ گەڕێکی دیکەى کێبرکێی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرەکی پارتەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستپێدەکات، دەنگدەرانی ویلایەتی نیوهامپشە لە ئەمریکا دەڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و کاندیدى دڵخوازی خۆیان لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و نیکی هەیڵی هەڵدەبژێرن، لەئێستادا هەیڵی وەک تاکە رکابەریی سەرەکی ترەمپ لەو ویلایەتەدا ماوەتەوە.
ئەمە دووەم ویلایەتە کێبرکێکەی تێدا ئەنجام بدرێت، هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ بە بردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدانی بەرایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ویلایەتی ئایۆوا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
براوەی کاندیدانی پارتی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی گشتیدا رووبەڕووی جۆ بایدن، کاندیدی پارتی دیموکراتەکان دەبێتەوە، بۆیە لە هەڵبژاردنی بەراییدا بەریەککەوتنی توند لەنێوان لایەنگرانی پارتی کۆمارییەکاندا بەدی دەکرێت.
دوای کشانەوەی رۆنت دیسانتس لە ئێستادا بانگەشەی توند لەنێوان ترەمپ و هەیڵیدا بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی زۆرێک لە راپرسییەکان دۆناڵد ترەمپ زۆرینەی دەنگەکانی ئەو ویلایەتەش بەدەست دەهێنێت.
لە دوایین هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەدا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، “ئەگەر کاندیدێکی دۆڕاوتان دەوێت، کە ئەمریکا بخاتە دواوە، ئەوا دەنگ بە نیکی هەیڵی بدەن.”
گوتیشی، “دیموکراتەکان دەیانەوێت نیکی هەیڵی لەم هەڵبژاردنەدا دەربچێت، چونکە ئاسانە بۆیان شکستی پێ بهێنن” لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
لە بەرامبەردا، نیکی هەیڵی وەک هێرشێک بۆ سەر ترەمپ، لە لایەنگرانی پرسیی، رۆژی سێشەممە کە دەچن بۆ دەنگدان، دەتانەویت هەمان کەس هەڵبژێرن، کە تاقیتانکردووەتەوە، یان کەسێکی نوێ هەڵدەبژێرن.
هەڵبژاردنی بەرایی لە زیاتر لە 50 ویلایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و هەفتەی رابردوو بە ویلایەتی ئایۆوا دەستیپێکرد، هەڵبژاردنەکە لە ویلایەتەکاندا لەکاتی جیاواز بەرێوەدەچێت و بڕیارە لە 5ـی ئازاردا هەڵبژاردنەکە لە زۆرینەی ویلایەتەکانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی کێبڕکێكارەکانی پۆستی سەرۆکایەتی بەڕێوەبچێت.