زووم:
زیاتر لە دوو دەیەیە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا سەردانی کۆریای باکووری نەکردووە. هەرچەندە وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشوازیکردن لە پوتین دەربڕی، بەڵام دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن دەڵێت، تائێستا رێککەوتن نەکراوە لەسەر وادەی سەردانەکەی پوتین بۆ کۆریای باکوور.
مانگی ئەیلولی رابردوو، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور سەردانی روسیای کرد و لەگەڵ پوتین کۆبووەوە، رۆژنامەی گاردیان سەردانەکەی کیمی بە گرنگترین پێشهاتی ئەمدواییانە وەسفکردووە و نوسیویەتی، پەیوەست بوو بە فرۆشتنی چەک بە مۆسکۆ.
مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو سەرۆک ئەرکانی گشتی روسیا گوتی، “وڵاتەکەی دەستی بە هەماهەنگییەکی گشتگیر لەبواری بەرگری کردووە، لەگەڵ کۆریای باکوور.
لەم دواییانەدا پەیوەندییەکانی نێوان کۆریای باکوور و روسیا پتەوتربوون، بەتایبەتی لەدوای سەردانەکەی کیم جۆنگ ئون بۆ مۆسکۆ کە تێیدا چاوی بە پوتین کەوت و بە فەرمی بانگهێشتی کرد بۆ کۆریای باکوور.
لە ساڵی 2023 ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی رووسیا لەنێویشیاندا وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوەی روسیا سەردانی کۆریای باکووریان کرد، ئەمەش نیگەرانی وڵاتانی رۆژئاوای لێکەوتەوە لەبارەی رێککەوتنی چەکداری، بە تایبەت کە رۆژئاوا “بیۆنگ یانگ و مۆسکۆ” بەوە تۆمەتبار دەکات پێکەوە لە هەماهەنگیدان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی داگیرکاری روسیا لە ئۆکراین.
لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا کۆریای باکوور بە پێدانی چەک بە روسیا تۆمەتبار دەکات، زیاتر لە 50 وڵاتی دیکەش داوایان کردووە هەرچی زووە سنوورێک بۆ هەماهەنگی نێوان روسیا و کۆریای باکوور دابنرێت.
کۆشکی سپی دەڵێت، کۆریای باکوور موشەکی بالیستی و کەرەستەی دیکەی سەربازی ناردووەتە روسیا، بەرپرسانی ئەمریکاش باس لەوە دەکەن، روسیا ئەو موشەکانەی لە هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراین بەکارهێناوە کە لە بیۆنگ یانگەوە بەدەستی گەشتووە و مەودایان دەگاتە 900 کیلۆمەتر.