فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانیان هێرشیان کردە سەر ناوەندێکی راداری حوسییەکان لە یەمەن. هێرشەکە لەلایەن کەشتی جەنگیی USS Carneyـیەوە ئەنجامدراوە، کە لە رێگەی موشەکی تۆماهۆکی زەمیینییەوە ئامانجەکانی پێکاوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوى سێنتکۆم هێرشەکە کاتژمێر 3:45ـى ئەمڕۆ کراوەتە سەر حوسییەکان، کە بەشێکن لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی توانای حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور، لەنێویشیاندا کەشتییە بازرگانییەکان.
لە 19ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، حوسییەکانی یەمەن، 28 جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. هێرشەکانیش لەرێگەی موشەکی دژە-کەشتی، درۆنی نەناسراو و موشەکی کروزەوە ئەنجامدراون.
سێنتکۆم رایگەیاندووە هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هیچ پەیوەندییەکی بەو هاوپەیمانێتییە نییە کە ماوەیەک لەمەوبەر لەنێوان 20 وڵاتەوە پێکهێنرا بۆ پاراستنی دەریای سوور، گەرووی باب ئەلمەندەب و کەنداوی عەدەن.
بەرەبەیانی دوێنێ، هەینى ئەمریکا و بەریتانیا هێرشێکی فراوانیان کردە سەر حوسییەکان لە سەنعا و چەند شارێکى دیکە، کە وەک فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە هێرشەکانی دوێنێدا 60 ئامانجیان پێکاوە.