زووم..
تادێت ئازادى رادەڕبرین لە تورکیا پاشەکشە دەکات، تەنها ساڵى رابردوو 16 پلە پاشەکشەى کردووە و لەنێو 180 وڵاتى جیهان تورکیا پلەى 165ـى گرتووە لە ئازادى رۆژنامەگەرییدا.
سەزگین تانریقوڵو، پەرلەمانتارى پارتى کۆمارى گەل (جەهەپە) لە بازنەى ئامەد، لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە ئازادى رادەڕبڕین لە ساڵى 2023 لە تورکیا ئەم داتایانەى بڵاوکردووەتەوە.
راپۆرتەکە لە رۆژنامەى موجادەلە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە لە ماوەى 21 ساڵى رابردووى سەردەمى ئاک پارتیدا، دەیان هێندە ئازادى رادەڕبڕین لەو وڵاتە پاشەکشەى کردووە و بە ئەندازەى کودەتا سەربازییەکەى 1980 ئازادى رۆژنامەگەرى بەرتەسک بووەتەوە.
سەزگین تانریقوڵو لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەى بە زانیارییەکانى رێکخراوى رۆژنامەنووسانى بێسنوور کردووە، بەگوێرەى ئەو رێکخراوە جیهانییە لە ساڵى 2023دا تورکیا لە ریزبەندى ئازادى رۆژنامەگەرییدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵى رابردوودا 16 پلە پاشەکشەی کردووە، ئێستا لەنێو 180 وڵاتى جیهان تورکیا پلەى 165 گرتووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، زیاتر لە 90%ـى میدیاکانى تورکیا لەژێر هەژموونى حکومەتى ئاک پارتیدان.
بەگوێرەى راپۆرتى پەرلەمانتارەکەى جەهەپە، ساڵى 2023 لە تورکیا هێرش کراوەتەسەر 77 رۆژنامەنووس، 40 رۆژنامەنووسیش بە تۆمەتى جۆراوجۆر سزادراون. جگە لەوە 26 رۆژنامەنووس دەستگیرکراو، 119 رۆژنامەنووس دەستبەسەکراون و 169 رۆژنامەنووسی دیکە داواى یاساییان لەسەر تۆمارکراوە.
بەگوێرەى ئامارەکان ئازادى رادەڕبڕین لە تورکیا 21 ساڵى سەردەمى ئەردۆغاندا قۆناغ بە قۆناغ پاشەکشەى کردووە، بە جۆرێک ساڵى 2002 تورکیا لەسەر ئاستى جیهان لە ریزبەندى 99ـمین وڵاتدا بووە بۆ ئازادى رۆژنامەگەریى، بەڵام لە 2023 پاشەکەى کردووە بۆ پلەى 165.