زووم:
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، پشتیوانی لە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن دەکەن، داواش لە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد دەکات، مووچە تێکەڵی ململانێی سیاسی نەکەن.
بەیانی ئەمرۆ پارێزگاری سلێمانی و جێگرەکانی، سەردانی بەڕێوەبەراتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانییان کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و جێگرەکانیدا کۆبووەنەوە، لەبارەی کۆبوونەوەکەوە، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، جەختیان لەسەر پشتیوانیکردنی داوا رەواکانی مووچەخۆران و مامۆستایان و وانەبێژان و خەڵکی کوردستان کردوە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی دەکەن، مافی هاووڵاتیان و مووچەخۆران تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکەن و کێشەی دارایی و دامەزراندن بە ریشەیی چارەسەر بکەن.
دەشڵێت، حکومەتی خۆجێیی سلێمانی پشتیوانیی لە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن دەکات و هیوادارن هەموولایەک پشتیوانبن بۆ درێژەدان بە پڕۆسەی خوێندن، داواش لە کەسوکاری خوێندکاران و قوتابیان دەکەن، پشتیوانبن بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوو رۆژى رابردوودا وەزارەتى پەروەردە بە نووسراوێک وەڵامى داواکارییەکانى مامۆستایانى مانگرتوو، وانەبێژى دایەوە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ جێبەجێکردنى داواکارییەکانیانیان، هاوکات پەروەردەى گشتى سلێمانى نووسراوى ئاڕاستەى پەروەردەکان کردووە، کە لە رۆژى نۆى ئەم مانگەوە دەست بە پرۆسەى خوێندن بکەنەوە.