زووم:
وێنەیەک، یان ڤیدیۆیەکی بێ حیجاب، بەس بوو بۆ ئەوەی لە ئێران ژنە کوردێکی سنەیی دەستگیربکرێت و سزای “جەڵد”ی بەسەردا بسەپێنرێت، لەدوای ژینا ئەمینی، یەکەمجار نییە ژنێکی کورد ببێتە قوربانیی حیجابی زۆرەملێ، قوربانیی ئەمجارە “رویا حیشمەتی”یە.
رویا خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، چەند رۆژێک لەمەوبەر وێنەیەکی بە بێ حیجاب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە، کارێک، کە لە ئێران مایەی قبووڵکردن نییە.
شەوێک، هێزە ئەمنییەکانی ئێران دایان بەسەر ماڵەکەیدا، دەستگیریان کرد و دەستبەسەر مۆبایل و لاپتۆپەکەیدا گیرا، رویا حیشمەتی سەرەتا 11 رۆژ دەستبەسەر بوو، دواتر لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای پێبژاردن و لێدانی 74 “جەڵد”ی بەسەردا سەپێندرا.
جێبەجێکردنی سزای 74 “جەڵد”ی سەر خانمە سنەییەکە هاوکات بوو لەگەڵ یادی لەدایکبوونی “فاتمەی زەهرا”، کە لە ساڵنامەی ئێراندا وەک رۆژی ژن و رۆژی دایک دەناسرێت، بۆیە سزاکە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
رویا دوای جێبەجێکردنی سزاکە قسەیکرد، لەگەڵ ئەوە نەبوو وەک پاڵەوان تەماشا بکرێت، گوتی، “داوای لێبوردنم لە دادگە نەکرد، دوای لێدانی جەڵدەکانیش هیچ وێنەیەکی جەستەم بڵاونەکردۆتەوە، چونکە پێویست ناکات رێبازی بەرخۆدانمان گەورە بکەین و بڵێین کێ خۆڕاگریی زیاتری پیشانداوە، ئەگەر وابکەین خۆڕاگریی مرۆڤەکان بچووک دەکەینەوە بۆ کێبڕکێیەکی بێمانا”.
قسەکانی رویا حشمەتی لەلایەن چەند زیندانییەکی سیاسیی ناسراوی وەک حوسێن رەونەقی و سپێدە رەشنۆوە دووبارە بڵاوکرایەوە، سزاکە و قسەکانی خانمە کوردەکەش وەڵامێکی بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەرگرت و بوو بە سەردێڕی هەواڵی بەشێک لە میدیاکان، ناوی رویا حیشمەتی بوو بە ترێند(باو) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس و نزیکەی 30 هەزار کەس پۆستیان لەبارەیەوە کرد.
دوای دەنگدانەوەی چیرۆکەکەی رویا، کەسانی دیکەش چیرۆکی خۆیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە جێبەجێکردنی حوکمی “جەڵد” بەسەریاندا.
تەنانەت مانا نەیستانی کاریکاتێریستی ناسراوی ئێران بەرهەمێکی لەسەر بڵاوکردەوە.
سزای لێدانی “جەڵد” تەنها لە ئێران و ئەفغانستان جێبەجێدەکرێن، لەکاتێکدا نەتەوەیەکگرتووەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ سزاکانی وەک پەنجەبڕین و لێدانی “جەڵد” بە “دڕندەیی” و “ئەشکەنجەدان” وەسفکردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزا جەستەییانە لە ئێران دەکەن.