زووم:
لەو ھەموو کێشە و سەرقاڵییەی کۆشکی سپی ئەمریکا تێی کەوتووە، ئەم دووانە، کارین جان پیێر و جۆن کێربی، شەڕیانە لەسەر ئەوەی کامیان دەسەڵاتی ئەوەی ھەبێت لە کاتی بەستنی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکاندا، پەنجە بۆ یەکێک لە رۆژنامەنووسەکان رابکێشێت و پێی بڵێت، “فەرموو پرسیارەکەت بکە”.
کارین جان پیێر سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی و جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندیە ستراتیژیەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، ھەردووکیان یەک ناونیشانیان ھەیە و پێکەوە دەردەکەون و بە ناوی جۆ بایدنەوە قسە دەکەن، بەڵام دوو ئەرکی جیاوازیان ھەیە، جان پیێر بۆ سیاسەتی ناوخۆ و جۆن کێربی بۆ سیاسەتی دەرەوە.
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی راپۆرتێکی لە بارەی پەیوەندیی ئەم دوو گوتەبێژە بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت، جۆر کێربی چاوی لە پۆستەکەی کارینە و ئەوەشی بە کەسانی نزیکی خۆی گوتووە، لە بەرانبەریشدا جان پیێر ئەوەی ئاشکرا کردووە، بایدن داوای لێکردووە، ئەگەر ئارەزووی لێیە، دوای ھەڵبژاردنیش لە پۆستەکەی بمێنێتەوە.
بە گوتەی بەرپرسانی ئیدارەی بایدن، لە بەھاری 2022ــەوە، لەو کاتەوەی جین پساکی پۆستی سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی جێھێشتووە، ئەم دووانە ناکۆکن، لەگەڵ ئەوەشدا ھەمیشە لەسەر سەکۆی رۆژنامەوانی پێکەوە دەردەکەون و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەونووسان دەدەنەوە، تەنھا لەبەرئەوەی بایدن ئەوەی دەوێت.
جۆن کێربی پێی ناخۆشە، کارین جان پیێری رەشپێست دەسەڵاتی دیاریکردنی ئەو رۆژنامەنووسانەی ھەیە کە پرسیاری لێدەکەن، بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ئەکسیۆس، لە دوای رووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر و شەڕی غەزەوە، دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخساوە بەتەنھا کۆنگرەی رۆژنامەوانی ببەستێت و خۆی پەنجە بۆ ھەر رۆژنامەنووسێک رابکێشێت و پێی بڵێت، “فەرموو پرسیارەکەت بکە”.
لەو ماوەیەدا زیاتر لە 30 کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی بەستراوە، کارین جارن پیێر تەنھا یەک جار بە تەنھا دەرکەوتووە، تەواوی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانی دیکەی وەکو سێبەر لە کێربی جیانەبووەتەوە، تەنھا سێ جار نەبێت، ئەوانش بەھۆی نەخۆشی یان ھەر ھۆکارێکی دیکەوە، کێربی بەشداریی نەکردووە و کەسێکی دیکە لە بری ئەو بەشداریی کردووە.
ئەم دۆخە تائێستا بەردەوامی ھەیە، جۆن کێربی دێتە بەردەم رۆژنامەووسان بێئەوەی دەسەڵاتی ھەبێت کامیان دیاری بکات بۆئەوەی پرسیاری لێ بکات، بەڵام دوور لە ژووری رۆژنامەوانی، کێربی متمانە و خۆشەویستیی بایدنی بەدەستھێناوە، بەمدواییانە کۆشکی سپی رێگەی پێداوە، نەک تەنھا بۆ گەشتی دەرەکی، تەنانەت بۆ گەشتە نێوخۆییەکانی لە نێو ویلایەتەکاندا، فڕۆکەی سەرۆکایەتی بەکاربھێنێت.