ئەمریکا بڕی ئەو هاوکارییە داراییەی کەمکردووەتەوە کە مانگانە بۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی تەرخانکرابوو، ئەوەش بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی.
ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەوە دەڵێت، ئەمریکا پێشتر 20 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردبوو بۆ پێدانی مووچەی پێشمەرگە، بەڵام ئێستا ئەو پارەیە کەمکراوەتەوە بۆ 15 ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی و بارگرژییە سیاسییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کە “چاکسازییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگەی پەکخستووە.”
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەلمۆنیتەر، هاوکارییە داراییەکەی ئەمریکا بەکاردەهێنرا بۆ دابەشکردنی مووچەی نزیکەی 54.000
پێشمەرگە کە بە لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ناسراون و لە ژێر فەرمانی وەزارەتەکە کار دەکەن.
جیا لەوان، پارتی و یەکێتیش چەند یەکەیەکیان هەیە کە بە یەکەکانی حەفتا و هەشتا ناسراون و نزیکەی 100 هەزار پێشمەرگەیان هەیە و راستەوخۆ فەرمان لە هەردوو حزب وەردەگرن، ئەمریکا و هاوپەیمانانیش بەردەوام داوا دەکەن ئەو هێزانە یەکبخرێن و بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
کەمکردنەوەی هاوکارییە داراییەکەی ئەمریکا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2023ـەوە چووەتەبواری جێبەجێکردنەوە کاتێک یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەمریکا و حکومەتی هەرێم واژۆ کرا، بەڵام تاوەکوئێستا ئاشکرانەکراوە.