زووم..
ئەمڕۆ هەینی کۆریای باکوور زیاتر لە 200 گولـلە تۆپی ئاڕاستەی ناوچەیەکی نزیک لە دوو دوورگەی کۆریای باشوور و داوای بەپەلە چۆڵکردنی هەردوو دوورگەکە کرا.
وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، تۆپخانەکانی کۆریای باکوور دوورگەکانی باینگنیۆنگ و یۆنپییۆنگیان بۆردومانکردووە و هۆشداریی دا لەوەی “بە رێکاری گونجاو و پێویست” وەڵامی دەداتەوە.
بەرپرسانی دوورگەی یۆنپییۆنگیان کە دەکەوێتە دەریای زەرد و 12 کیلۆمەتر لە پارێزگای هوانگهای کۆریای باکوورەوە دوورە بە ئاژانسی فرانس پرێسیان گوتووە کە فەرمانی چۆڵکردنی هەردوو دوورگەکە دراوە وەک رێکاری خۆپارێزی.
ئەم پێشهاتە دوای هۆشدارییە بەردەوامەکانی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور هات کە ئامادەیە جەنگ دژی کۆریای باشوور و ئەمریکا هەڵگیرسێنێت.
ساڵی 2010، کۆریای باکوور تۆپبارانی یۆنپییۆنگی کرد و بەهۆیەوە چوار کەس کوژران، ئەوەش یەکەم هێرشی کۆریای باکوور بوو بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی لەدوای شەڕی سێ ساڵەی 1950.
وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور رایگەیاند، تۆپبارانەکەی کۆریای باکوور کارێکی ئیستیفزازییە و پێویستە دەستبەجێ رابگیرێت، هۆشداریشی دا لە “رێکاری گونجاو” بۆ وەڵامدانەوەی.
لە چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندی نێوان هەردوو کۆریاکە لە خراپترین دۆخدایە بە تایبەت کیم جۆنگ ئون پێگەی وڵاتەکەی وەک هێزێکی ئەتۆمی لە دەستوردا چەسپاند و چەندین مووشەکی پێشکەوتوویشی تاقیکردەوە.
کیم بە بەردەوامی هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات بۆسەر دراوسێکە و بەردەوام داوای پێکەوەنانی جبەخانەی سەربازیی وڵاتەکەی دەکات پێش ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی نێوانیان.