زووم:
سێ ساڵە وشکەساڵی دەستى خستووەتە گەرووی عێراق، بەڵام رەنگە 2024 ساڵێکى جیاواز بێت.
وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکان دەڵێت، رووباری دیجلە بوژانەوەى بەخۆوە بینیوە و ئاستى ئاوى رووبارەکە بەراورد بە ساڵی پار، دوو مەتر بەرز بووەتەوە.
هۆکاری بەرزبوونەوەکەیش، بەردانەوەى ئاوی بەنداوی ئەلیسۆی تورکیایە، کە رێژەکەى بەرزبووەتەوە بۆ 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تەنها 300 مەتر سێجا بووە.
لە عێراق 19 بەست و بەنداوی گەورە هەن، زۆربەیان لە سەر رووبارەکانى دیجلە و فورات دروستکراون، ئەمە جگە لە 32 بەست و بەنداوی بچووکی دیکە، لە هەرێمی کوردستانیش سێ بەنداوى گەورە و نزیکەى 18 بەنداوى بچووک هەن.
شادەمارە ئاوییەکانى عێراق لە تورکیاوە دێن، چونکە هەردوو رووباری دیجلە و فورات لە خاکى تورکیاوە چاوگەکانیان هەڵدەقوڵێت. بەڵام نزیکەى 23 ساڵە عێراق بە دەست تورکیاوە گیرۆدەیە بۆ بەرنەدانەوەى ئاو و کار گەیشتووەتە وورتە وورتى رێککەوتنی نەوت بەرامبەر ئاو.
بەگوێرەى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق، بارانى چڕ لە دوو هەفتەى رابردوودا بەتایبەت لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان و گلدانەوەى ئاوێکى باش لە بەنداوەکانى دوکان، موسڵ و دەربەندیخان، ئاماژەی ئەرێنى و دڵخۆشکارن بۆ تێپەڕبوونى وشکەساڵی و مەترسی کەمی ئاو.
دەشڵێت، دوو هەفتەى داهاتوو دڵخۆشییەکان زیاتر دەبن و شەپۆلی دیکەى بەخوڕ چاوەڕواندەکرێت، بە تایبەت بۆ ئەو هەزاران هێکتارەى کە لە دوو هەفتەى رابردوودا بە گەنم داچێنران.
لە زۆربەى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان رێژەى بارانبارین بەراورد بە ساڵی پار، نزیکەى دوو هێندەیە، کە ئەمە چەند مایەى دڵخۆشییە بۆ ناوچەکانى هەرێم، هێندەش بۆ پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشووری عێراق.
چاوەڕوانییەکان دڵخۆشکارن، چونکە هێشتا تەنها 13 رۆژە لە وەرزی زستانداین و چوار مانگی دیکەى بارانى رەحمەت لەپێشە.