زووم:
ئۆکراین هەینییەکی سەختی بەڕێکرد، روسیا زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی کردە سەری کییەڤی پایتەخت و شارەکانی دنیپرۆ، لڤیڤ، ئۆدێسا و خارکێڤ.
هێرشەکە بە گەورەترین هێرشی مووشەکی و درۆنی دادەنرێت لەوکاتەوەی روسیا جەنگەکەی دەستپێکردووە.
بەهۆی هێرشەکەوە لانیکەم 31 کەسى مەدەنی کوژران و زیاتر لە 160 کەسی دیکەش بریندار بوون.
دیارترین ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، بازاڕ و باڵەخانەی نیشتەجێبوون و بنکەیەکی میترۆیە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی ئۆکراین روسیا لەو هێرشەدا 158 چەکی بەکارهێناوە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، مۆسکۆ هەرچی جۆرە چەکێکی هەبووە لە هێرشەکانیدا بەکاریهێناوە، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات وەڵامی ئەو هێرشانە بدەنەوە.
هاوکات ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانیش دوای هێرشەکە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا، کە لە کۆبوونەوەکەدا رووسیا، کە یەكێکە لە پێنج ئەندامە هەمییشەییەکەی ئەنجومەنەکە، رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە.
خالید خەیری، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە ئەندامانی ئەنجومەنەکەی راگەیاند، “بەداخەوە ساڵی 2023 بەوشێوەیە کۆتایی دێت، کە دەستیپێکرد، بەو توندوتیژییە وێرانکارییەی لە دژی خەڵکی ئۆکراین ئەنجامدەدرێت.”
ئەو راشیگەیاند، “جارێکی دیکە، ئۆکراینییەکان ناچارکراون پشووەکانیان لە گەڕان بەدوای پەناگەدا بەسەرببەن، پاشماوە پاک بکەنەوە و مردووەکانیان بەخاکبسپێرن.
زۆبەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، لەوانەش ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا ئیدانەی هێرشەکانیان کرد بۆ سەر ئۆکراین.
چین، هەرچەندە ئیدانەی هێرشەکانی رووسیای نەکرد، داوایکرد لەڕێگەی چارەسەرێکی سیاسییەوە دۆخی ئۆکراین یەکلایی بکرێتەوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هێرشەکانی بە وەبیرهێنانەوەیەکی توند ناوبرد و گوتی دەبێت پوتین بوەستێنرێت.