زووم:
ئێران بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و تێکچوونی ژینگەوە رووبەڕووی قەیرانی کۆچی ناوخۆیی بووەتەوە، ساڵانە دەیان هەزار کەس ناچارن ماڵوحاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.
کۆچبەرانی کەشوهەوا، لەوانەش جوتیاران و ماسیگرەکان، لە ناوچە گوندنشینەکانەوە کۆچ بۆ ناوەندی شارەکان دەکەن و بەدوای بژێویی جێگرەوەدا دەگەڕێن.
بەشێکی بەرچاوی ئێران بە زەوییە وشک و نیمچەوشکەکان دەناسرێتەوە، ئێستا نزیکن لەوەی شیاوی ژیان نەبن و دانیشتووانی گوندەکان بەرەو شارە گەورەکان دەچن.
لە ئێستادا نزیکەی 70%ی کۆچی ناوخۆی ئێران پەیوەستە بە گۆڕانی کەشوهەواوە، لە نموونەی وشکبوونی تاڵاوی هاموون لە بەلوچستان، کە بووەتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵ.
مستەفا فەدایی فەرد، سەرۆکی لیژنەی تایبەتی هەڵسەنگاندنی لافاو دەڵێت: دیاردەی “ڕۆچوونی زەوی”، کە بەهۆی زیادەڕۆیی دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوییەوە دروستدەبێت، لە داهاتوودا کۆچی زۆرەملێی زیاتر لە 37 ملیۆن کەسی لێدەکەوێتەوە لە ناوخۆی ئێران.
هەوڵەکانی تاران بۆ چارەسەرکردنی کەمئاوی لە رێگەی دروستکردنی بەنداوەوە، دۆخەکە خراپتر دەکات، زیادەڕۆیی لە دروستکردنی بەنداوەکان بەشدارە لە وشکبوونەوەی رووبارەکان و کۆگاکانی ئاوی ژێرزەوی.
قەیرانەکانی پەیوەست بە ژینگە لە ئێران ناڕەزایەتیی خەڵکی بەدوای خۆیدا هێناوە، پێکدادانی ئێران و ئەفغانستان لەسەر مافی ئاو، قووڵیی بابەتەکە نیشان دەدات.
ئەو کۆچانەی بەهۆی کاریگەرییەکانی کەشوهەواوە کراون، بووەتە هۆی گەشەسەندنی ناهاوسەنگ لە ئێران، بۆ نموونە تارانی پایتەخت تووشی گرفتی هەڵکشانی دانیشتووان بووەتەوە.