زووم:
ماوەی چەند رۆژێکە وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی دەیان پیاوی فەلەستینی لەسەر شەقامەکانی غەزە، کە تەنها شۆرتێکیان لەبەردایە، بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، کە دیمەنەکان کاردانەوەی بەرفراوانی بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى لێکەوتووەتەوەو سوپای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە، کە لەوبارەیەوە دروستبووبوون و رایگەیاند “داکەندنی جلی ئەو کەسانە بەشێکە لە رۆتینی رۆژانەی ئۆپەراسیۆنەکان”.
سوپای ئیسرائی ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەک رایشیگەیاند، بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی ئەو کەسانەی لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا دەستیگیریان دەکەن، هیچ چەکێکیان پێ نییە، جلەکانیان لەبەردا دادەکەنن.
لەبەرانبەر ئەو بەیاننامەیەى سوپاى ئیسرائیل، بزووتنەوەى حەماس وەک وەڵامدانەوەیەک بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوەو رایگەیاند، “ئەو کەسانەی ئیسرائیل جلی لەبەردا نەهێشتوون خەڵکی مەدەنین و کەسانی چەکدارنین”.
🇮🇱WE'RE NOT HUMILIATING PEOPLE, WE'RE COOLING THEM DOWN – that's the arrogant justification Netanyahu's part-time adviser and full-time cunt Regev gives (video above) for demeaning Hamas fighters random male Palestinians by stripping, beating and parading them naked across Gaza… pic.twitter.com/akxscMrZjl
— Angelo Giuliano (@angeloinchina) December 10, 2023
بزووتنەوەى حەماس دەنگۆکانی ئیسرائیلی رەتکردەوە و راشیگەیاند، “ئەو کەسانە چەکداری باڵی سەربازیی لیواکانی قەسام نین”.
هاوکات عیزەت ریشق، بەرپرسی باڵای باڵی سیاسیی بزووتنەوەى حەماسیش جەختیکردەوە، “بانگەشەکانی ئیسرائیل..، کە دەڵێت ئەو کەسانە چەکدارن لە لیواکانی قەسام، درۆی بێ بنەمان.”
ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتى ئیسرائیل “دوای دەستگیرکردنى ئەو کەسانە، وێنەی چەندین کەسی بێ چەکی لە غەزە بڵاوکردووەتەوە، دواتریش بە ئەنقەست چەکی لە تەنیشت ئەو دیلانەدا داناوە، ئەمەش هیچ نییە جگە لە فێڵە گاڵتەجاڕ و ئاشکراکانی هێزی داگیرکەر بۆ ئەوەی وای نیشانبدەن لە جەنگەکەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە بەسەر پیاوانی بەرگریکاردا.”
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەکەى ئەوەشى راگەیاندووە، ئەو کەسانەی لە غەزەدا گومانی “تیرۆریان” لێدەکرێت، دەستگیریان دەکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەن، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ چەک و تەقەمەنییەکیان هەڵنەگرتووە، “جلەکانیان لەبەردا دادەنێن”، ئاماژەیان بەوەشکردووە ئەو دیلانە “بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵەیان دەکرێت”.
ئەم لێدوانانەی سوپای ئیسرائیل و حەماس لەکاتێکدایە، کۆمیتەی خاچی سوری نێودەوڵەتی هۆشداریدا لەوەی ئیسرائیل دەبێت بەشێوەی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکات، کە دەستگیریکردوون .
پێشتر میدیاکانی ئیسرائیل لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەوە رایانگەیاندبوو، چەندین چەکداری حەماس خۆیان رادەستکردووە، بەڵام رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەوانەی لە گرتەکاندا دەردەکەون خەڵکی مەدەنی و رۆژنامەنووسیان تێدایە.
بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، ئەو کەسانەی لەبەرەکانی جەنگدا بە دیل دەگیرێن دەبێت لە ژێر سێیەم رێککەوتنی جنێفدا پارێزراوبن، کە داوادەکات زیندانییانی جەنگەکان بەشێوەیەکی مرۆییانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و لەهەموو بارودۆخێکدا شکۆیان بپارێزرێت.